راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پرۆسەی دادگاییکردنی شێروان شێروانی ڕوونکردنەوە دەدات

نوسینگەی ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم سەبارەت بە پرۆسەی دادگاییکردن و سزادانی شێروان شێروانی ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت" شێروان شێروانی واژۆ و پەنجەمۆری هاوڕێکانی تەزویر کردووە". 

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی تەموزی ٢٠٢٣ لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە" دواى ئەوەى هەریەکە لە سزادراوان (ئەیاز کەرەم رەشید، هاریوان عیسا محمد، شێروان ئەمین نعو، شڤان سعید عمر، گوهدار محمدامین) داواکارییەکیان پێشکەش کرد بۆ پێدانى ئازادکردنى بە مەرج (افراج شرطى) لەدواى داواکارییەکەیان دەست بە ڕێکارەکان کرا بۆ پێدانى ئازادبوونى بەمەرج، دواتر سزادراو شێروان امین نعو داواکارییەکى پێشکەشى توێژەرى کۆمەڵایەتى کرد بەناوى پێنج سزادراو بەمەبەستى راگرتنى ئازادکردنی بە مەرج (افراج شرطى) کە پێشتر سزادراوەکان داوایان کردبوو وە بۆ ئەم مەبەستەش پەنجەمۆریان کردووە".

لە روونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە" توێژەرى کۆمەڵایەتى داواکارییەکەى بەرزکردەوە بۆ بەڕێوەبەرى چاکسازى گەوران، لەلاى خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتى چاکسازى گەوران ئەم داواکارییەى ناوبراوى ئاراستەى بەشى یاسا و داواکارى گشتى لە چاکسازییەکەى کرد سەبارەت بە پاشگەزبوونەوەیان لە داواکردنى ئازادبوونى بەمەرج، هەردوو سزادراو (شڤان سعید عمر و گوهدار محمد امین) بێ ئاگایی خۆیان لەو داواکاری پەنجەمۆر راگەیاندووە واتە کەسی تر لەجیاتی ئەوان پەنجەمۆریان کردووە، بۆیە چاکسازی گەورانی هەولێر داوای کردووە کە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتە بەر کە ئەم کارەیان ئەنجامداوە".

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕاشیگەیاندووە" دوای وردبینی لە کەیسەکە داواکاری گشتی بەپێی بەرپرسیاریەتی و ئەرکی خۆی لە پاراستنی مافی گشتی رێکاری یاسایی ئەنجامداوە بەرامبەر ئەو کەسەی بەم کارە هەستاوە و داوای جوڵاندنی کەیسەکەی لە دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر کردووە، لە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لە دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر نوێنەری یۆنامی، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، داواکاری گشتی و چەند پارێزەرێکی (شێروان شێروانی) ئامادە بوون، بەپێی مادده (٢٨٩-٢٩٨) لە یاسای سزای عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی (١٩٦٩)ی هەموارکراو وتە (شێروان ئەمین نعو ناسراو بە شێروان شێروانی) وەرگیراوە، هەروەها بە پشتبەستن بە هەبوونی بەڵگەی پێویست دۆسیەکە رەوانەی دادگای تاوانی سێى هەولێر کراوە، دوای تەواوبوونی سەرجەم رێکارەکان تۆمەتی تەزویرکردن و بەکارهێنانی دەقی تەزویر کراو ئاڕاستەی گومانلێکراو (شێروان شێروانی) کرا". 

ئەوەش هاتووە" دواتر دادگا گوێبیستی داواکاری و خواستی داواکاری گشتی لە دادگای تاوانی سێى هەولێر بوو و داوکرا کە پاڵپشت بە ماددە (١٤٢) لە یاسای سزاکان وەسفی تاوانەکە لە ( ٢٩٨/٢٨٩ ) بکرێتە ( ٢٩٨/٢٦٥ )ی یاسای سزاکان و تۆمەتی ئاڕاستە کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵگەی تاوان سەلماندوویەتی کە داواکاری پەشیمان بوونەوە بە دەستوخەتی (شێروان شێروانی) نووسراوە و پەنجەمۆری لەسەر ناوی (گوهدار محمد امین) کردووە واتە نووسراوی ئاسایی (محرر عادی) تەزویر کردووە و بەکاریشی هێناوە کەواتە تاوانی ئەنجامداوە و لە قۆناغی دادگایی کردنیش سەلمێندراوە، واتە (دليل و قرينە) هەیە و بەپێی یاسای بنەمای سزایی ئیدانە دەکرێت".

دەشڵێت" بەپێی یاسا و بنەماکانی دادگای سزایی بریکاری لە نێوان سزادراوەکان و پەنجەمۆر کردن، یان واژووکردنی هەر داواکارییەکی کەسێک لە جیاتی کەسێکیتر و پێشکەشکردنی ئەو داواکاریانە رێگا پێدراو نییە و دژ بە یاسایە". 


PM:05:06:23/07/2023