دوو بەرپرسی عێراق بە تاوانی گەندەڵی گەڕێنرانەوە دەستگیركران


دەستەی دەسپاكی عێراق رایدەگەیەنێت، دوو تاوانباری هەڵاتووی كەیسی گەندەڵی كە دوو بەڕێوەبەری گشتین لە عومانەوە گەڕێنرانەوە عێراق.

دەستەی دەسپاكی عێراقی لەڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاندووە "عێراق توانی دوو تاوانباری هەڵاتوو بگەڕێنێتەوە، كە ئەوانیش هەریەك لە بەڕێوەبەری گشتی پێشووی پلاندانان لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و بەڕێوەبەری گشتی پێشووی بەشی كشتوكاڵی ئەنبار بوون، دوای ئەوەی لە خاكی سەڵتەنەتی عومان دەستگیر كرابوون''.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "تیمێك لە هێزی ئەمنی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆ (ئینتەرپۆل)، ئەو دوو كەسەیان وەرگرتووە كە بە تاوانی خراپ بەكارهێنانی پۆستەكانیان و زیانگەیاندن بە سامانی دەوڵەت فەرمانی گرتنیان هەبوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتنەوە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، بەمەبەستی ڕادەستكردنیان بە دەسەڵاتی دادوەری، بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.''

دەستەی دەسپاكی وتویەتی "پێشتر ئەو دوو تاوانبارە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە بە بڕیاری غیابی لەلایەن دادگاكانی ناوەندی دژەگەندەڵی بە پشتبەستن بە بڕگەكانی مادەكانی (316 و 340)ی یاسای سزادان سزا درابوون".



PM:03:30:31/07/2023