کوڕێک لە سلێمانی کچێک دەڕفێنێت و دەیباتە دهۆک

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، "کچێکی تەمەن ١١ ساڵ کە لەلایەن کوڕێکەوە هەڵخەڵەتێندراوە و لە سلێمانیەوە بەرەو دهۆک فراندویەتی، لەئێستاشدا کچەکە رزگارکراوە و رفێنەرەکەشی دەستگیرکراوە".

ئەمڕۆ سیشەممە ١ی ئابی ٢٠٢٢، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "یەکێک لە نوسینگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی سەر بەبەڕێوەبەرایەتیەکەیان ئاگادارکرایەوە کە کچێکی نەوجەوان کە تەمەنی تەنها ١١ ساڵە لەلایەن کوڕێکەوە هەڵخەڵەتێنراوە‌ و بەرەو سنوری هەولێر‌ و دهۆک هەڵهاتون، لە ماوەیەکی کەمدا بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان‌ و خێزانمان لە دهۆک ئاگادارکردەوە توانرا بە هاوکاری ئەوان و  بە هەماهەنگی ئاسایشی دهۆک لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا لە سنوری پارێزگای دهۆک دەستگیر بکرێن دواتر دەگوازرێنەوە بۆ هەولێر ‌و پاشان لە ڕێگەی دەزگای ئاسایشی هەولێرەوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ سلێمانی".

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، کچەکە باسی لەوە کردوە، "تۆمەتبارەکە بە زۆر ڕفاندویەتی هەڕەشەی کوشتنی لە خۆی‌ و باوکی‌ و براکەی کردوە‌ و ناچاری کردوە کە بڕێک پارەش لە ماڵەوە بهێنێت بە نیازی ئەوەی کە دەچنە دەرەوەی هەرێم بۆیە ناچار شوێنی کەوتوە".

ئەوەشی خستۆتەڕو، کچە نەوجەوانەکە سکاڵای یاسایی لە دژی تۆمەتبارەکە تۆمارکرد، لەلایەن نوسینگەیەکی سەر بەبەڕێوەبەرایەتی دڵنیا کرایەوە کە بەدواداچون‌ و چاودێری کێشەکەی دەکرێت پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبار کراوەتەوە


PM:05:37:01/08/2023