هاتووچۆی دەربەندیخان سەبارەت بە رووداوە سەختەكەی دوێنێ: گوێیان لێنەگرتین


هاتووچۆی دەربەندیخان رایدەگەیەنێت، پێشتر هۆشدارییان داوە كە ناكرێت لەیەك كاتدا بەردەم تونێل قیرتاو بكرێت و رێگەكانی دیكەش بگیرێن، بەڵام گوێیان لێنەگرتوون. 

هاتووچۆی دەربەندیخان لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "بەهۆی ئەنجامدانی پڕۆژەی قیرتاو كردنی بەردەم تونێڵ و نالەباری هەلكەوتەو هەلومەرجی ڕێگا بەدیلەكانی سنورەكەمان و كاركردن لەڕێگای ناوتاق و بەردەم تونێڵ لەیەككاتدا، بێگومان دەبێ چاوەڕێی كارەساتێكی لەم شێوە بكەین".

روونكردنەوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "بەداخەوە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان بەهۆی كەمتەرخەمیان لە ئاست بەرپرساریەتی و ڕێك نەخستنی كات و  پچڕ پچڕ ئەنجامدانی پڕۆژەكان، ماوە ماوە داخستنی تونێڵەكەی لێدەكەوێتەوە لەكاتێكدا دەكرێ یەكجار بۆ فەترەیەكی زەمەنی دیاریكراو تونێڵ دابخرێت و پڕۆژەكانی پەیوەندیدار بە تونێڵەكە  ئەنجام بدرێن بۆ ئەوەی ناچار نەبین ماوە ماوە تونێڵەكە دابخەین".

هەروەها وتویانە "سەرەڕای ئەوەش ڕاوێژ نەكردن وگوێ پێنەدان بە هۆشداریەكانی ئێمە لە مەترسی و دەرهاویشتەكانی داخستنی تونێڵەكە، چونكە ئێمە بەڕاستی هاوارمان كرد كە ئێستا وەرزی هاوینە و سەختی شاخی بەرانان و لۆدو قورسایی لەسەر ڕێگاكە كارەساتی لێدەكەوێتەوە و لەم كاتەدا كە ڕێگای ناوتاقیش كاری تێدا دەكرێ داخستنی تونێڵ باش نابێ، پێشنیارمان كرد هەر جارەو سایدێك قیرتاو بكرێ، بەڵام گوتیان بەهۆی ئەوەی بەردەم تونێڵەكە قیرتاو دەكرێ ناكرێ ئۆتۆمبێل بەسەریا بڕوات، چونكە تێك دەچێتەوە  بەداخەوە ئەم كارەساتەی ئەم ئێوارەی لێكەوتەوە".

ئێوارەی دوێنێ لە چیای بەرانان ئوتومبیلێكی بارهەڵگر بەسەر ئوتومبیلێكی تایبەتدا كەوت و بەهۆیەوە پێنج ئەندامی خێزانێك گیانیان لەدەستدا.



AM:09:29:02/08/2023