کورتە فیلمێک لەلایەن خوێندکارێکی زانکۆوە وابڕیارە هەنگاو بۆ فێستیڤاڵی جیهانی بنێت

کورتە فیلمێک کە ماوەی ١٥ خولەکە بەناوی (دادگایی) و لەلایەن خوێندکارێکی زانکۆی سلێمانیەوە کاری دەرهێنانی بۆکراوە و زۆرینەی ستافی ئەم کورتە فیلمە پێکهاتوون لە خوێندکار و دەرچوانی بەشی فیلمسازی کۆلێجی هونەر، فیلمەکە لە ژانری درامی و ئاڵۆزە لە چەند رۆژی رابردوودا لە سلێمانی کاری وێنەگرتنی بۆ ئەنجامدرا وابڕیارە بەشداری چەند فێستیڤاڵێک لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بکات. 

‎ئەحمەد سەلام، دەرهێنەری كورتە فیلمەكە تایبەت بە (سپی) وتی " سیناریۆکە لە رۆمانی دادگایی کافکا وەرگیراوە لەگەڵ چیرۆکی میوانی گۆڕستان، باس لە دادگاییکردنێکی وەهمی دەکات، کە مرۆڤەکان لە مێشکی خۆیاندا دروستی دەکەن، و بیری لێدەکەنەوە رەنگە بەو شێوازە نەبێت، یان دادگایەکی لەو شێوازە کە ئێمەی مرۆڤ دامانناوە رەنگە بونی هەر نەبێ". 

لە بارەی ئامانجی پشت بەرهەمەکەیانەوە، ئەو دەرهێنەرە باسی لەوەكرد، "مەبەستمان ئەوەیە مرۆڤ بەو شێوازە بژی کە خۆی بۆی گرنگە و چێژی لێدەبینێ، و واز لە وەهمەکانی ژیان بهێنێت کە مرۆڤەکانی تر دروستیان کردوە لە پێناو بەرژەوەندییان". 
ئەکتەری سەرەکی کارەکە پێک هاتوە لە:
مامۆستا ناسر حەسەن
عەبدوڵا فەتاح
بەهار نەغیبی
نەریمان کەلهوری
قارەمان کەلهوری

‎دەرهێنەر ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەک هونەرمەندی گەورە وبە ئەزموون بەشداریان لەم کارەدا کردووە یەکێک لەو هونەرمەندانە   ناسڕ حەسەنە کە  پاش ٣٣ ساڵ لە سلێمانی بەشداری بەرهەمێکی هونەری کردووە سوپرایزێکیشە بۆ بینەری کارەکانیان.

 دەربارەی کاری وێنەگرین وپاڵپشتی دارایی ئەم کارە هونەرییە ئەحمەد سەلام وتیشی "ئەم کارە هونەرییە لایەن راسان جەلال کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە وتا ئێستا کەس پشتگیری ماددی نەکردوین جگە لە باوکی ئازیزم کە هەمیشە پاڵپشتی سەرجەم کارەکانم بووە، لەڕووی پێدانی پێداویستی وێنە گرتنەوە هەردوو کۆمپانیای ڤینۆ و سولی میدیا هاوکاریان کردووین وەک پێدانی کامێرا و روناکی و پێداویستییەکانی کامێرا و دیکۆر".


چەند وێنەیەک لە کاتی ئامادەکاری بۆ کورتە فیلمی (دادگایی)



PM:04:12:08/08/2023