پێچەوانەی دام ودەزگا حکومییەکان، ئاسیاسیڵ لەسەر بۆردومانەکەی پێنجوێن ڕونکردنەوەی دا

کۆمپانیای ئاسیاسێڵ ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکەی دوێنێی نزیک پێنجوێنەوە بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەداوە کە ئەوکەسانەی لەو هێرشە درۆنییەی دوێنێ گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان کارمەندی ئەوانە و دوانەکەی تریش کەسانی مەدینی بوون، بەڵام تائێستا دام ودەزگاکانی حکومەتی هەرێم هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە لەم بارەیەدا بەمەرجێک ئەمە شەشەمین حاڵەتی کوشتنی مەدەنییە لەماوەی حەفتەیەکدا لەلایەن درۆنەکانی تورکیاوە.

ئەمڕۆ شەممە ١٢ی ئابی ٢٠٢٣، بەهۆکاری ئەوەی 
دوێنێ فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان نزیك ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن، بۆردومانی ئۆتۆمبێڵیكی كرد كە سێ كەسی تێدابوو ئاسیاسیڵ ناسنامەی یەکێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە ئاشکرا دەکات ودەڵێت، " شۆفێرەكە  فەرمانبەری ئاسیا سێل بوو لە پارێزگای موسڵ"، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات دوانەکەی تریش ئافرەت و پیاوێک بوون و کەسانی مەدەنین.


ئەمە لە کاتێکدایە تائێستا هیچ کام دامودەزگاکانی حکومەت وحیزبەکانی حکومڕانی کوردستان وئۆپزسیۆنیش ،هیچ بەیاننامەیەکیان لەسەر ئەو بۆردومانانەی تورکیا ڕانەگەیاندوە کە ماوەی حەفتەیەکە شەش کەسی کردۆتە قوربانی سیانیان لە پینجوین ودوانیان لە خەلەکان و ودانەیەکیشیان لە ئامێدی.


دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسیاسێڵ

دوێنێ فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان نزیك ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن، بۆردومانی ئۆتۆمبێڵیكی كرد كە سێ كەسی تێدابوو، بە شۆفێرەكەوە كە فەرمانبەری ئاسیا سێل بوو لە پارێزگای موسڵ.

خوالێخۆشوبو ناوی ( حەسەن ئەحمەد كەشمولە)یەو عەرەبی موسڵاویە، هاتبوو سەردانی كچەكەی بكات لە سنوری باشماخ كە خوێندكارە لە كۆلیجی پزیشكی شاری سنە و بیهێنێتەوە بۆ موسڵ، دوو كەسەكەی تریان باوك و كچێك بوون بەناوی (زیاد مستەفا خدر) و كچەكەی لە دایكبووی ٢٠٠٦ بوو دانیشتووی رەشیدیەی موسڵە بۆ هەمان مەبەستی حەسەن كەشمولە كە دراوسێیان بوو وە بۆ هێنانەوەی كچەكەیان بۆ موسڵ.

ئەمانە هەموویان بەهۆی باری نا هێمنی لە موسڵدا هاتبوونە دهۆك، هەمووشیان عەرەبی موسڵن، بەداخەوە ئەم هێرشە كۆتایی بە ژیانیان هێنا.


PM:10:08:12/08/2023