بەیان بۆمبا ئازایانە رووبەڕووی نەخۆشی شێرپەنجە بۆتەوە

خانمە هونەرمەندی ناسراوی کورد و دەرکەوتوو لە بواری کۆمیدیادا تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و لە ئێستاشدا چارەسەری تەندروستی وەردەگرێت.

بەیان مەحمود ناسراو بە بەیان بۆمبا ماوەیەکە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.

بەیان بۆمبا لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کە شێرپەنجە نەبووەتە ڕێگر لە کارە ھونەرییەكانی و ئەو لە نواندن بەردەوام دەبێت. 

بەیان مەحمود عەلی ناسراوە بە (بەیان بۆمبا) ساڵی (١٩٦٥) لە گەڕەکی کانی ئاسکانی شاری سلێمانی لەدایکبووە، بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی تەواوکردووە، دواتر نواندنی لە بەشی سینەمای زانکۆی سلێمانی تەواوکرد و سەرپەرشتیاری هونەرییە لە چالاکی خوێندنگاکانی سلێمانی.

بەیان بۆمبا یەکێکە لە خانمە ئەکتەرە دیارەکانی کورد و ماوەی زیاتر لە (٤٠) ساڵە کاری هونەری دەکات.

ئەم خانمەهونەرمەندە بە گشتی لە (٨٥) کاری شانۆ و دراما و فیلم-دا بەشداری کردووە بە نموونە، شانۆکانی (گەڕان بە دوای دەستگیرانداری، مێوژی بەرخۆر، هێشتا قسەکانمان تەواو نەکردووە، میراتی، موختار و ژنانی گەڕەک، بەنی عێز، قەرەج و …هتد).

هەروەها لە زنجیرە دراماکانی (گەردەلوول، ڕۆژژمێری شارێک، سایە، سەراب، پرۆفیشاڵ، پەتریپۆت، سەمەرە و کۆشکی هەنار)یشدا نواندنی کردووە و لە کورتە فلیمی (دنیا و دەلاک)، فیلمی درێژی (کێوی دڵ، دڵی سوور)-یش دا بەشداری کردووە و لە ئێستاشدا سەرقاڵی کورتە فیلمێکە بە ناوی (ئاهەنگ).


PM:01:03:14/08/2023