په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یاندراوێك سه‌باره‌ت به‌ كوبانی بڵاوده‌كاته‌وه‌

په‌رله‌مانی كوردستان له‌ راگه‌یاندراوێكدا ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی رێكخراوی داعش بۆسه‌ر رۆژئاوای كوردستان ده‌كات و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات "لە ئێستادا کوردانی ڕۆژئاوا، لەبەردەم هێرشی دڕندانەی داعشدان و لە ڕابردووشدا  دەسەڵاتدارانی بەعسی سوریا  ئینکارییان لە بوون و ناسنامەی کورد دەکرد و بە هاوڵاتی پلە دووی ئەژمار دەکردن".



ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه‌:


ڕاگەیانراوێک لە پەرلەمانی کوردستانەوە             
سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان               

چەند رۆژێکە رێکخراوە تیرۆرستەکان  پەلامارێکی دڕندانەیانەیان بەچەکی قورس بۆ سەر شاری کۆبانی رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردوە، بەو هۆیەشەوە سەدان منداڵ و ژن و خەڵکانی سڤیل بوونەتە قوربانی و دانیشتوانەکەشی ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی بوونەتەوە.

لە ئێستادا کوردانی ڕۆژئاوا، لەبەردەم هێرشی دڕندانەی داعشدان و لە ڕابردووشدا  دەسەڵاتدارانی بەعسی سوریا  ئینکارییان لە بوون و ناسنامەی کورد دەکرد و بە هاوڵاتی پلە دووی ئەژمار دەکردن.

پەرلەمانی کوردستان روو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات، بە پێی بڕیارەکانی کۆبونەوەی جەدە و کۆنگرەی پاریس بە ئەرکەکانی سەرشانیان هەستن و بە زووترین کات بە هانای خەڵکی کۆبانییەوە بچن و رێگریی بکەن  لە دووبارە بونەوەی تاوانێکی دیکەی کۆمەڵکوژی کوردانی ڕۆژئاوا.

لە هەمانکاتیشدا داوا لەڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بەهانای خەڵکی سڤیل و لێقەوماوانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بچن، لەو نەهامەتییە ڕزگارییان بکەن کە رووبەڕوویان بووەتەوە.

 لەئاستی ناوخۆیشدا پەرلەمانی کوردستان، بە پێویستی دەزانێت  هەمو لایەنە پەیوەندارەکان و هێز و لایەنە سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەرەڕای جیاوازی و هەبوونی کیشەی دارایی کە ماوەی چەند مانگێکە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، هاوکاری کوردانی خۆرئاوا بکەن و بە گیانی   نەتەوەیی و مرۆییەوە دەستی هاوکارییان بۆ درێژ بکەن.



پەرلەمانی کوردستان
١٩-٩-٢٠١٤






PM:04:47:19/09/2014