نەوەی نوێ: حزبە شۆڤینیەکان‌و دەستەڵاتی کوردی، کوڕی کورد بە کوشت دەدەن

نەوەی نوێ لە بارەی بارگرژییەکانی کەرکوکەوە دەڵێن" دیسانەوە حیزبە شۆڤێنییە عەرەبی و نەتەوەییەکانیتر لەگەڵ دەسەڵاتی شکستخواردوی کورد، کوڕی کورد بە کوشت دەدەن".

لە راگەیاندنێکدا کە ئەمشەو شەممە بڵاوکرایەوە، نەوەی نوێ لە بارەی خۆپیشاندانەکانەوە، دەڵێت" دیسانەوە حیزبە شۆڤێنییە عەرەبی و نەتەوەییەکانیتر لەگەڵ دەسەڵاتی شکستخواردوی کورد، کوڕی کورد بە کوشت دەدەن بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵک و لەبیربردنەوەی فرۆشتنی ئەم شارە و خزمەتنەکردنی لەسەر دەستی ئەوان".

لەو راگەیاندنەدا هاتووە" ‎ئەمانە هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کەرکوک ئەنجام نەدرێت و پارێزگارێکی کورد دانەنرێت. چونکە باش دەزانن هەڵبژاردن بکرێت ئەوە کورد دەیباتەوە و پارێزگارێکی کوردی دەرەوەی دەسەڵاتی دوو حیزبی شکستخواردوو دادەنرێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک رێگری لەم کارە دەکەن. ‎"

راگەیاندنەکە کە بەناوی ئەنجومەنی نەوەی نوێ لە کەرکوک دەرچووە، هاتووشە" ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارەی پارتی و یەکێتی لەگەڵ حیزبە شۆڤێنییە شەریکەکانیان پارێزگاری هەر نەتەوەیەکی تریان پێباشترە وەک لە پارێزگارێکی کورد کە لە حیزبەکەی خۆیان نەبێت. بۆیە ئامادەن کەرکوک بسوتێنن و خەڵکەکەی بە کوشت بدەن لە پێناو ئەم نیەتە گڵاوەیاندا." 

نەوەی نوێ لە کۆتایی راگەیاندنەکەدا دەڵێت " ‎سەرباری هەموو ئەوانە، هەر هێز و لایەنێک خوێنی یەک هاوڵاتی کورد بڕێژێت و ئەوانەی تەقەیان لەو گەنجە کوردە کردوە دەبێت دادگایی بکرێن و دڵنیایان دەکەینەوە کە خەڵکی کەرکوک تۆڵەی ڕۆڵەکانی خۆیان دەکەنەوە بە هەر جۆرێک بێت، جا ئەمرۆ بێت یان سبەی".

پاش نیوەرۆی ئەمڕۆ شەممە لە خۆپیشاندانێکی هێمنانەیهاوڵاتیانی کورد لە کەرکوک بەرەو بارگژی رۆشت و لە ئەنجامدا هاوڵاتییەکی کورد کوژراو چەند هاوڵاتییەکی دی بریندار بوو. 



PM:09:57:02/09/2023