سروە عەبدولواحید: ئەو حیزبانەی بوونەهۆی شەهیدبوونی گەنجانی كەركوك، پۆست و ئیمتیازات دابەش دەكەن


سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت "ئەو حزبانەی بوونەتە هۆی شەهیدبوونی گەنجانی كەركوك، هەمان ئەو حزبانەن ئێستا لەژوورە داخراوەكاندا پۆست و ئیمتیازات دابەش دەكەن".

سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە "ئەو حزبە سیاسییانەی لەسەر گەڕاندنەوەی بارەگاكان رێككەوتن هەمان ئەو حزبانەن كە بوونە هۆی شەهیدبوونی گەنجەكانی كەركوك".

ناوبراو روونیكردۆتەوە "تا كەی بە ئەقڵی خەڵك پێدەكەنن لە ژوورە داخراوەكان هیچ كێشەیەكتان نییە و پۆست و ئیمتیازات دابەش دەكەن و لەسەر شەقام و بەرامبەر هاوڵاتیانیش بە شێوەیەكی ساختە خۆتان وەك دوژمنی یەكتر نیشان دەدەن".

پاشنیوەڕۆی دوێنێ بەشێك لە هاوڵاتیانی كوردی شاری كەركوك دژی گرتنی رێگەی كەركوك- هەولێر خۆپیشاندانیان كرد، دواتر گرژی كەوتە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان و بەو هۆیەوە چوار خۆپیشاندەری كورد گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.



AM:11:47:03/09/2023