کەنەکە سهبارهت به دۆخى شارى كهركوك ڕایدەگەیەنێت" ڕووداوە خوێناوییەکەی کەرکوک درێژکراوەی پیلانی شۆڤێنییانەی داگیرکەرانی کوردستانە".
کۆنگرەى نەتەوەى کوردستان - کەنەکە، لهبارهى ڕوداوهكانى كهركوكهوه ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت" دۆخی کەرکوک گرێدراوی پیلانێکی چەندین ساڵەیە و تورکیاش ڕۆڵی خراپی لەو ئاژاوە نانەوە بینیوە و بەردەوامە لە دەستوەردانەکانی لە کاروباری ھەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان".
دەشڵێت" بەرپرسیارێتی ئاساییکردنەوەی ئەو بارودۆخەى کە لە کەرکوک هەیە، هەروەها سنووردانان بۆ دەستێوەردانی دەرەکی لە شارەکە لە ئەستۆی حکومەتی عێراق و سەرۆکایەتی کۆمارە، لە پیلانی شوومی لۆزانەوە تا ڕووداوی ٢ی ئەیلولی خوێناوی کەرکوک سیاسەتی ژێرپێخستنی مافەکانی گەلی کوردستان پەیڕەو دەکرێت و داگیرکەرانی کوردستان دژی دەستکەوتەکانی کوردن بە تایبەتی لە باشووری کوردستان".
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا کەنەکە ئاماژە بەوەدەکات، بە یەکڕیزی دەتوانرێت بەر بەو ئاشوبە بگیرێت کە "دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی" دەیانەوێت بیخوڵقێنن.
ئەوەش هاتووە" داوا دەکەین کۆنفرانسێکی نیشتمانیی و نەتەوەیی بە مەبەستى پێکھێنانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش بۆ دانانی ستراتیژ و پلانی خەبات و تێکۆشان ساز بکرێت، چونکە کەرکوک شارێکی کوردستانییە و پێویستە ستراتیژێک دابڕێژرێت بۆ مسۆگەرکردنی پاراستنی ئاشتەوایی و تایبەتمەندی و رێزگرتن لە پێکەوە ژیانی پێکھاتەکانی کەرکووک و خەڵکی کوردستان و بە ھەموو نەتەوە و ئاین و ئاینزاکان".