ناوی بەرپرسە هێزە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات ئاشكرا دەكرێت كە ئێران داوایان دەكات


كۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی لیستی بەشێك لە سەركردە سیاسیەكانی حزبە كوردیەكانی ئێرانی داوە بە حكومەتی عێراق و داوای "تەسلیم كردنەوە"یانی بە ئێران لێكردوون.

سەرچاوەیەك لە حزبێكی كوردستانی ئێران كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت بە (دەنگی ئەمەریكا)ی ڕاگەیاند "ئەو ناوانەی ئێران داوای تەسلیم كردنەوەیان دەكات لە حكومەتی عێراق، بەرپرسانی باڵای حزبە ڕۆژهەڵاتیەكانن، كە بەشێكیان لە هەرێمی كوردستان و بەشێكیشیان لە وڵاتانی دەرەوەی هەرێم نیشتەجێن".

بەوتەی سەرچاوەكە، ناوەكان ئەمانەن (مستەفای هیجری، ڕەزا كەعبی، عومەر ئیلخانیزادە، نەوید میهراوەر، كاوە بەهرامی، محەمەد ساحیبی، محەمەد نەزیف قادری، مستەفا مەولودی، حسێن یەزدانپەنا، ئەمجەد حسێن پەناهی، كاكو عەلیار، عەبدوڵا ئازەربار، و چەند كەسێكی تر).

نەوید میهراوەر، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كە یەكێكە لەو كەسانەی لە لیستی داواكراواندا ناوی هاتووە، بە (دەنگی ئەمەریكا)ی ڕاگەیاندووە "لەگەڵ ئەوەی ئاگادارن كە داواكراون لەلایەن ئێرانەوە، بەڵام بە فەرمی هیچ لایەنێك لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی پێوە نەكردوون".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "من بەشبەحاڵی خۆم لە سەرچاوەیەكەوە بە نافەرمی پێیان ڕاگەیاندووم كە ناوم لە لیستەكەدا هەیە، كە داواكراویان لەڕێگەی حكومەتی عێراقەوە، وەك بەشێك تەوافوقاتی ئەمنی هاوبەش، بەڵام لە لایەن هیچ سەرچاوەیەكی حكومەتی هەرێمەوە ئاگادار نەكراومەتەوە."

ناوبراو وتیشی "لە ئەگەری لەمەترسی لەسەر ژیانمان، خۆمان خۆمان دەپارێزین، دووەم چاوەڕوانی لە دڵسۆزان و بەرپرسانی هەرێم دەكەین وەك هەمیشە داوكاریەكانی ئێران ڕەت بكەنەوە و دڵنیاشم كە وا دەبێت، بابەتێكی تر پێم وانیە لەم ناوچەیە ئەو دەورە بگیڕێت و ئەو دەسەڵاتەی هەبێت لێرە كەفشارمان بخەنە سەر."

بەپێی لیستی سەرچاوەكەی (دەنگی ئەمەریكا)، بەرپرسانی حزبی دیموكراتی كوردستانیش ناویان لە داواكراوەكاندا هەیە، بەڵام لیستەكە بە "شەڕی دەروونی" لە دژیان ناودەبەن.

محەمەد ساڵح قادری، بەرپرسی نوێنەرایەتی حزبی دیموكراتی كوردستان لە هەرێم، بە (دەنگی ئەمەریكا)ی ڕاگەیاندووە "سەبارەت بەو لیستەی وەك دەنگۆ بڵاوكراوەتەوە تائێستا بە فەرمی لە هیچ كەناڵێكەوە، وەك حكومەتی هەرێم، یوئێن و حكومەتی عێراق ئێمە ئاگادار نەكراوینەتەوە، دەكرێت شەڕی دەروونی ئێران بێت لە دژمان".

دەشڵێت،"ئەگەر كاریگەری سیاسی یاس ئەمنی هەبێت، لە حاڵەتێكی وادا ڕێكاری یاسایی دەگرینە بەر و بەرپەرچی بڕیارەكەی كۆماری ئیسلامی دەدەینەوە."




PM:09:26:05/09/2023