دوو بانك ئامادەن قەرز بدەنە هەرێم بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە


وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت "بانكەكانی رەشید و رافیدەین قەرز دەدەن بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچەی فەرمانبەران".

وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیاندراوێكدا رایگەیاندووە "لەسەر رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران، بانكی رەشید و رافیدەین رێككەوتنێكی پێدانی قەرز لەگەڵ هەرێم واژوو دەكەن بەو مەرجەی دوای پابەندبوونی هەرێم بە یاسای بودجە ئەو پارەی قەرزە بۆ بانكەكان بگەڕێنێتەوە".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "وەزارەتی دارایی پابەندە بە دابینكردنی سەرجەم مافە داراییەكانی سەرجەم موچەخۆران بەپێی رێنمایی و یاساكان و لەژێر رووناكی ئەو پابەندبوونەشدا حكومەتی عێراق بڕیاریداوە قەرز بدات بە هەرێم بۆ دابینكردنی موچەی موچەخۆرانی".

حكومەتی عێراق بڕیاریداوە سلفەیەكی 500 ملیار دیناری بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی تەموزی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بكات، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی هەرێم، بۆ مووچەی مانگێك پێویستیان بە 940 ملیار دینارە، بۆیە ئەو پارەیە بەشی دابەشكردنی مووچەی مانگێك ناكات.





PM:11:27:05/09/2023