ئەمڕۆ وەفدی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مووچە دەچێتەوە بەغدا

بڕیارە ئەمڕۆ وەفدی هەرێم، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان خۆیان و حکومەتی عێراق، سەردانی بەغدا بکەنەوە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان وەفدەکە لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆوە سەرۆکایەتی دەکرێت، ئەوە لە کاتێکدایە وەزیری دارایی ئاوتی شێخ جەناب بەشداری وەفدەکەی ناکات.

لە کاتێکدا وەزیری دارایی هەموو پرسە داراییەکانی لایەو، پێشتریش سەرۆک وەفدی هەرێم بووە لە گفتوگۆکان، بەڵام تا ئێستا هۆکار نەچوونەکەی نەزانراوە.

بەپێی زانیارییەکانی دەست ماڵپەڕی ( سپی ) کەوتووە وەفدەکە لە چوونیاندا بۆ بەغدا گفتوگۆ لە بارەی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان و پرسی داهات و گومرگ لەگەڵ حکومەتی بەغدا دەکەن.  

ئەم سەردانە دوای چەندان سەردان دێت کە وەفدە جیاجیاکانی هەرێم لە ماوەی ئەم ساڵدا بۆ بەغدایان کردووەو، هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی نەبووە، هەرچی هەرێمە بەغدا تۆمەتبار دەکات کە شایستە داراییەکانی هەرێم بە پێی یاسای بودجە و دەستور نادات، لایەنی عێراقیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەرێم شایستە داراییەکانی پابەند نابێت بە یاسای بودجەو شایستە داراییەکانی بە زۆریشەوە وەرگرتووە. 



AM:11:51:11/09/2023