نێچیرڤان بارزانی: مووچەی فەرمانبەران بابەتێک نییە گفتوگۆی لەسەر بکرێت

سەرۆکی (ماوە بۆدرێژکراوەی) هەرێم رایدەگەیەنێت" بەم نزیکانە شاندێکی باڵای هەرێم بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکومەت سەردانی بەغداد دەکەن"، دەشڵێت" مووچەی فەرمانبەران بابەتێک نییە گفتوگۆی لەسەر بکرێت". 

نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند" بەمزوانە شاندێکى باڵاى هەرێم بە سەرۆکایەتى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت و قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت سەردانى بەغداد دەکەن". 

وتیشی" نابێت بابەتی مووچە تێکەڵی هیچ بابەتێک بکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر پابەندییەک لەسەری بووە، لەم ماوەی پێش یاسای بودجە، هەمووی جێبەجێکردووە". 

بارزانی ڕاشیگەیاند" هەرێمی کوردستان بەو پەڕی شەفافییەتەوە لەگەڵ بەغداد هەڵسوکەوتی کردووە، ئێمە پێشبینی دەکەین بەغداش بەو شێوەیە هەڵسوکەت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات".

نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت" پرسی مووچەی فەرمانبەران بابەتێک نییە لە بنەڕەتدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت، مافی خەڵکی هەرێمە وەکو بەشێک لە هاوڵاتییانی عێراق کە دەبێت کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە زووترین کات چارەسەربکات".

لەسەر پرسی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بارزانی وتی" ئەمریکا گلەیی گەورەی لە پارتی و یەکێتی هەیە کە دۆسیەی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە زۆر بە خاوی دەڕوات". 

لەبارەی هەڕەشەکانی کۆماری  ئێران بۆسەر هێزەکانی ڕۆژهەڵات، ئاماژەی بەوەکرد، ڕێککەوتنی ئەمنی لە نێوان بەغدا و تاراندا هەیە و هەرێمیش وەك بەشێك لە عێراق پێوەی پابەند دەبێت. 

بارزانی هیواشی خواست ئەو بابەتە هیچ کێشەیەکی ئەمنی و سەربازیی لێنەکەوێتەوە و ڕاشیگەیاند" باوەڕناکەم هیچ بیانوویەك هەبێت و ئەنجامدانی کردەوەی سەربازی". 


AM:10:29:13/09/2023