لە بارە ناردنی ٢ ترلیۆن و ١٠٠ ملیار دینارەوە بۆ هەرێم بەغدا راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە


نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی ناردنی ٧٠٠ ملیارەوە بە سێ وەجبە بۆ هەرێم و، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە. 

نووسینگه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران لە راگه‌یه‌ندراوێكدا هاتووە " ‌له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی پاره‌ی پێویست بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆ ١٧ـی ئه‌یلوولی ٢٠٢٣  بڕیاردرا قه‌رزێك به‌ بڕی دوو تریلیۆن و ١٠٠ ملیار دینار بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ سێ قۆناغ، هه‌ر قۆناغێك ٧٠٠ ملیار دینار دابین بكرێت".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە بڕیاره‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای لێكتێگه‌یشتنی ئه‌رێنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بووه و رێككه‌وتن كراوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پابه‌ندییه‌ ده‌ستوورییه‌كان و ناوه‌رۆكی یاسای بودجه.

هەروەها هاتووشە "‌ دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی كوردستان هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ن".

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لە ئەگەری ئەوەی پارەی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2023 بەشی دانەوەی قەرزەکە نەکات، "وەزارەتی دارایی ئەو بڕە پارەیە لە پشكی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 دەبڕێت بەر لەوەی پشکەکەی بنێردرێت." 

تا ئێستا رۆشن نییە کە حکومەتی هەرێم چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پارەیەدا دەکات لە کاتێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کە ئەم پارەیە بۆ مووچەکانی مانگی ٩ و ١٠ و ١١ نێردراوە، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم مووچەی مانگی ٧ و ٨ یشیان نەداوە.

رۆژی پێنجشەممە ١٤ ی ئەیلول، شاندێکی باڵای حکومەتی( ماوە بۆ درێژکراوەی ) هەرێمی کورستان سەردانی بەغدایان کرد و چەندان دیدار و کۆبوونەوەی جیایان لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەنجامداو جۆرە تێگەیشتنێک لەلای لایەنە عێراقییەکان دروستبوو کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێردرێت.

دەقی راگەیاندنەکەی حکومەتی ناوەندی لەبارەی ناردنی ٧٠٠ ملیارەکەوە بە سێ وەژبە..

ده‌قی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق:

لەپێناو پێدانی موچەی فەرمانبەران‌و ئەوانەی چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە لەگەڵ خانەنشینان، تا ئەوكاتەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ پاكتاوی ئەوانە دەكات كە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە، وەكو جێبەجێكردنی یاسای گشتی بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥)، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە هەمواركردنی بڕیاری ژمارە (٢٣٥٠٠)ی ساڵی ٢٠٢٣، بەمشێوەیە:

١- بانكەكانی رافیدەین‌و رەشید‌و (TBI) بڕی (٢ ترلیۆن‌و ١٠٠ ملیار) دینار بۆ ئەمساڵی دارایی وەكو قەرز بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدەن‌و بە سێ جاری هاوتا بە (٧٠٠ ملیار) دینار بۆ هەرجارێك، لە مانگی ئەیلولەوە ئەم پارە دەدرێت.

٢- وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی قەرزی ناوبراو لە بڕگەی (١)ی سەرەوە، لە تەرخانكراوەكانی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٣ دەدات، ئەمەش دوای پاكتاوكردنی ئەوەی لە ئەستۆیدایە (مەبەستی پابەندییە داراییەكانی سەر شانی هەرێمە).

٣- ئەگەر ئەوەی لەپشكی هەرێم دەمێنێتەوە بەشی پێدانەوەی قەرزەكانی نەكرد بۆ جێبەجێكردنی بڕگەی (٢) لەسەرەوە، ئەوا وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی قەرزی ناوبراو لەتەرخانكراوی هەرێم لەبودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی (٢٠٢٤) بەو بانكانە دەداتەوە كە ناویان هاتووە یان لەهەر شایستەیەكی دارایی تری تر دەیداتەوە، بەر لەپێدانی هەر شایستەیەك بەهەرێم.

٤- وەزارەتی دارایی دانراوێكی بانكیی لای ئەو بانكانە دادەنێت كە ناویان هێنراوە، دانراوەكە هاوتایە لەگەڵ بڕی قەرزی هەریەكەیان‌و دوای جێبەجێكردنی هەردوو بڕگەی (٢،٣)ی سەرەوە دەكشێندرێتەوە.

٥- دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، وردبینی دەكات لە ژمارەی فەرمانبەران‌و ئەوانەی موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی‌و خانەنشین دەیانگرێتەوە لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بڕی موچەكانیان، بەگوێرەی لیستی رادەستكراو بە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ئەمەش لەماوەیەكدا كە لە (٣٠) رۆژ زیاتر نەبێت لە رێكەوتی دەرچوونی ئەم بڕیارەوە، بەگوێرەی ئەو مەرجانەی لەلایەن هەردوو دیوانەكەوە دانراوە.




PM:07:29:17/09/2023