ڤیدیۆ..مەلا بەختیار قسەی كۆتایی خۆی سەبارەت بە بەشدارینەكردنی لەكۆنگرەی یەكێتی كرد


مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشدارینەكردنی لە كۆنگرەی پێنجەمی حیزبەكەی یەكلاییكردەوە.

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی لە ڤیدیۆیەکی ( ٢٧ ) خولەکەیدا کە لە فەیسبووكی خۆی بڵاویکردۆتەوە، دەڵێت "سەعاتێك و ٣٥ دەقە لەگەڵ ھەڤاڵ بافڵ قسەمان كرد، لەسەر دەسەڵاتەكانی ئەنجومەمی باڵا نەگەیشتینە رێككەوتن".

مەلا بەختیار وتوشیەتی "ئۆباڵی نەڕۆیشتنی خۆم و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا بۆ كۆنگرە ئەكەوێتە ئەستۆی ھەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵا لە ڤیدیۆکەدا باسی دۆخی خراپی یەکێتی و کەمکردنەوەی دەنگەکانی ئەو حزبە و پارتی و حزبەکانی تر دەکات کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا چەند کەمیان کردووە، هەروەها ئاماژە بۆ ئەو رێژە زۆرە دەکات کە خەڵک نەچوون بۆ دەنگدان.

مەلا بەختیار لە کاتێکدا داوای رێککەوتنێکی تر لەگەڵ پارتی دەکات، هاوکات ئۆباڵی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی دەخاتە ئەستۆی یەکێتی.

داواش دەکات یەکێتی بگەرێتەوە سەر پێشینەی دروستبوونی کە فرە مینبەر بووە.

ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات هەر رێککەوتنێک بە تاک لایەنە لەگەڵ بەغدا، تەنها سوودی کاتی دەبێت و داوا دەکات حزبەکان پێکەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکەن.

لە چەند رۆژی رابردووشدا بەرهەم ساڵح، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەردانی ئەمەریكای كرد و ئەویش بەشداری كۆنگرەی پێنجەمی حیزبەكەی ناكات.

بڕیارە رۆژی چوارشەممە لە هۆڵی تەلاری هونەر لەشاری سلێمانی كۆنگرەی پێنجەمی ئەو حیزبە بەڕێوە بچێت.

دەقی ڤیدیۆکە لە تێلیگرامی سپی یەوە جۆین بکە..




PM:04:34:25/09/2023