وەزیری ناوخۆی عێراق لەسەر کارەساتەکەی حەمدانیە دەستگیرکردنی ١٤ کەسی ڕاگەیاند

وەزیری ناوخۆ لەسەر ڕووداوەکەی حەمدانیە ڕایدەگەیەنێت" ١٤ کەسمان دەستگیرکرد و لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری داهاتووشدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕادەگەیەنین". 

عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق، ئەمشەو چوارشەممە ڕاگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانییەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند" لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری داهاتوودا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم ڕووداوە بڵاودەکەینەوە و دەخرێتە بەردەم سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ لێپرسینەوە لەوانەی کەمتەرخەم بوون".

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە ١٤ کەس دەستگیربکەن کە ١٠ کەسیان خاوەنی هۆڵەکەن و سێ کەسیشیان دەستیان هەبووە لە گڕگرتنی یارییە ئاگرینەکان و بووە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە. 

هەروەها وەزیری ناوخۆی عێراق جەختی لە سازدانی هەڵمەتێکی گەورە کردەوە بۆ داخستنی هەموو ئەو شوێنانەی کە ڕێوشوێنی سەلامەتییان تێدا نییە لە سەرجەم پارێزگارەکانی وڵاتدا. 

درەنگانێکی شەوی ڕابردوو ئاگرێکی گەورە لەناو هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە قەزای حەمدانییەی سەر بە پارێزگای نەینەوا کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە (١٠٠) کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٥٠ کەسى دیکەش برینداربوون.


PM:10:07:27/09/2023