دوای خورماتوو، هەوڵی دروستکردنی "حەشدی کوردی" لە چەند ناوچەیەکی تریش دەدرێت

لایەنە شیعەکان، هەوڵی دروستکردنی "حەشدی کوردی" لە پارێزگای نەینەوا دەدەن و بۆ ئەم مەبەستە ڕەیان کلدانی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی بابلیون ڕادەسپێرن،پێکهێنانی "حەشدی کوردی" لەلایەن حزبەوە کوردییەکانەوە، بە هەوڵێک دادەنرێت بۆ "لاوازکردنی" پێگەی کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و دروستکردنی "درز و کەلێن" لەنێوان جەماوەری کورد و حزبە کوردییەکاندا.

ئەمرۆ هەینی ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٣، سەعید مەموزینی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەی هەوڵەکان بۆ دروستکردنی هێز لە نێو کوردانی نەینەوا بۆ ڕەیان کلدانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئامانج لە دروستکردنی هێز لە نێو کوردانی ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ لاوازکردنی پێگەی هێزە کوردییەکانە، چونکە هەر کوردێک لای هێزە عێراقییەکان ببێتە چەکدار لە کورد دادەبڕێت."

وتیشی،"ڕەنگە مەبەست لە دروستکردنی هێز بۆ زیانگەیاندن بێت بە پێگەی حزبە کوردییەکان، بەڵام حزبی کوردی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان خاوەن پێگەی جەماوەرییە."

لایەنە عێراقییەکان دەڵێن هەوڵی ئەوان بۆ دروستکردنی هێز لە کوردانی ناوچە کێشە لەسەرەکان، ئەوەیە حەشدی شەعبی هێزێکی یاسایی عێراقییە و هەموو پێکهاتەکان دەتوانن بەشدار بن تێیدا.

هەوڵی لایەنە عێراقییەکان بۆ دروستکردنی هێز بۆ ڕەیان کلدانی لە نێو کوردانی پارێزگای نەینەوا لە کاتێکدایە، ناوبراو ئەمینداری بزووتنەوەی بابلیونە و خاوەنی هێزێکی کریستیانی سەر بە حەشدی شەعبییە، کە بارەگا سەرەکییەکەی لە ناوچەی تلکێفە.

چەند مانگێک لەمەوبەریش، ڕێکخراوی بەدری سەر بە هادی عامری، نووسینگەیەکی بۆ کوردانی قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین کردەوە و لە کاتی کردنەوەی نووسینگەکەدا، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح ئامادەبوو.

شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەوڵی دروستکردنی حەشدی کوردی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان جێی نیگەرانییە. حەشدی شەعبی هێزێکی یاساییە، بەڵام دروستکردنی هێز لە ناو کورد و سونە و کریستیان بۆ ئەجێندای تایبەتە و بە حاڵەتێکی ئیجابی نازانین."

 وتیشی،"دروستکردنی هێزی کوردی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، لە بری ئەوەی سوودی بۆ ئەو ناوچانە هەبێت، کاردانەوەی لێدەکەوێتەوەو زیانی دەبێت. دەکرێت لیوا و فەوجی سوپای عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان پێکبهێنرێت، بە جۆرێک ئەفسەر و سەربازەکانی لە هەموو پێکهاتەکانی تێدا بێت."

هەوڵی لایەنە شیعەکان بۆ دروستکردنی حەشدی کوردی لەکاتێکدایە، ماوەی ٦ساڵە ڕێگە بە لایەنە کوردییەکان نەدراوە بارەگا بۆ بەشێک لە شاروشارۆچکەکانی پارێزگای دیالە ببەنەوە و گرفتی گەڕانەوەی پارتیش بۆ کەرکوک بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.


AM:12:12:30/09/2023