وتەبێژی كۆمپانیا نەوتیەكانی هەرێم:
حكومەتی هەرێم تا قەرزەکانمان نەداتەوە، هەناردە دەست پێناكەینەوە

 کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دەربارەی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت ڕایگەیاند"بەر لەوەی کۆمپانیاکان بگەڕێننەوە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەیەکی تەواوەتی، پێویستە پارەی خۆیان وەربگرنەوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣،  مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دەڵێت:" کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم تا بۆیان ڕون نەبێتەوە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و پارەیان پێ دەدرێت ئامادەنین هەناردەی نەوت دەست پێ بکەنەوە، چونکە تا ئێستا یەک ملیار دۆلاری شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە، بۆیە بەر لەوەی کۆمپانیاکان بگەڕێننەوە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەیەکی تەواوەتی، پێویستە پارەی خۆیان وەربگرنەوە".

وتیشی" پێشوازی لە لێدوانەکەی وەزیری وزەی تورکیا دەکەن بۆ دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان و لە نزیکەوە چاودێریی گفتوگۆکانی هەولێر، بەغدا و ئەنقەرە دەکەن بەڵام دەبێت رێککەوتنێکی کۆنکریتی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت".

وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان لە لێدوانە رۆژنامەوانیەکەیدا باسی لەوەشکردوە، ئەوان خۆشحاڵ بە کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بۆیە داوا دەکەن پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان و رێز لە رێککەوتنەکان بگیرێت.



PM:03:22:04/10/2023