(یەرەکە) لە بارەی هێرشەکانی تورکیا راگەیاندنێک بڵاو دەکاتەوە

( یەرەکە ) لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە هێرشەکانی  ئەم دواییەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی شارباژێڕ لە باکووری سلێمانی، ڕایگەیاند" لە بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیادا هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە".

 ئەمرۆ ٧ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی یەکیینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(یەرەکە)، سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکیا، بۆ سەر ناوچەی شارباژێڕ ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تیایدا هاتووە" لە ٤ی تشرینی یەکەم، دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەریی تورک لە ناوچەی شارباژێڕ هێرشی ئاسمانی کردە سەر چیای ئاسۆس، لە هێرشەکەدا فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک گوندی باسوا و سێ جاریش کانی خەندەکیان بۆردوومان کرد، لەو هێرشانەدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە".

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا یەرەکە ڕایگەیاندووە" ئێمە وەک یەرەکە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە توندی شەرمەزار دەکەین".

لە دوای هێرشە خۆکوژییەکەی دوو گەریلای پەکەکە  بۆ سەر دەزگای ئاسایشی گشتی تورکیا لە ئەنقەرە، سوپای ئەو وڵاتە هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی  لە رۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان دەستیپێکردووە، لە میانەی ئەو هێرشانەدا چەندجارێک هێرشی ئاسمانی کردە سەر ناوچەی شارباژێڕ، (یەرەکە) رایگەیاندووە کە ئەو هێرشانە زیانی گیانی بەوان نەگەیاندووە.




AM:11:53:07/10/2023