کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق زیاتر لە (٢٠٠) کاندیدی دوورخستەوە

سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" تائێستا ٢٥٦ کاندید لە کێبڕکێی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوورخراونەتەوە".

عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنى کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند" لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووەوە تائێستا (٢٥٦) کاندید لە کێبڕکێی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوورخراونەتەوە". 

ئاماژەى بەوەشکرد، (١٩٧) کەسیان لەلایەن دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری دوورخراونەتەوە و (٥٧) کەسیشیان بەھۆی دۆسییەی تاوانکاری و کەسێکیش بە تۆمەتی "گەندەڵی و کەسێکی دیکەش بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسییەی تیرۆر" دوورخراونەتەوە.

بڕیارە ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە (٢٣) ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەیە، هەروەها (٢٩٦) پارت بە (٥٠) ھاوپەیمانێتی کێبڕکێ لەسەر (٢٧٥) کورسی بۆ ئەنجومەنی (١٥) پارێزگای عێراق دەکەن. 


PM:03:10:17/10/2023