پارێزەری دۆسیەی (ژینا ئەمینی) سزای ساڵێک زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا

ساڵح نیکبەخت پارێزەری دۆسیەی ژینا ئەمینی لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای یەک ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا. 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند" ساڵح نیکبەخت یاساناس و پارێزەری خانەوادەی ژینا ئەمینی، بە تۆمەتی بانگەشەی دژ بە حکومەت لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی تارانەوە، سزای ساڵێک بەندکردن و دوو ساڵ قەدەغەبوونی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە سەردا سەپێندرا". 

ھاوکات لای خۆشیەوە عەلی ڕەزای پارێزەری ساڵح نیکبەخت لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرگرییەکانی پارێزەری، دادگا قورسترین سزای بەسەر پارێزەرەکەیاندا سەپاندووە کە ساڵێک بەندکردنە". 

ساڵح نیکبەخت ساڵی ١٩٤٥ لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانکۆی تاران. 

ناوبراو یاساناس و پارێزەری یاسایی و چالاکێکی مافەکانی مرۆڤی کوردی ئێرانە، لە چەندین دۆسیەی سیاسی لەوانە دۆسیەی زیندانیان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد و تورک و عەرەب، ئەرکی پارێزەری لە ئەستۆ گرتووە. 


PM:04:34:17/10/2023