ئاژانسی مێهرنیوزی ئێرانی بڵاوی کردۆتەوە، بەرپرسی دەستەی ئەمینداری بارەگای دییە (قەرەبو) لە ئێران ئەسەدوڵڵا جولایی رایگەیاندووە" لە ئێستادا دوو هەزار و ٢٠٦ پیاوی ئێرانی بە هۆی نەدانی مارەیی لە زینداندان".
جولایی سەبارەت بەو کەسانە وتی" زۆربەی ئەو کەسانە لە زینداندان ، نەک لەبەر نەتوانینی ، مارەیی قورس لە چەند سەد لیرە، بەڵکو بەهۆی نەتوانینی پێدانی بڕێکی کەم لە مارەیی لە زیندانن".
هەروەها باسی لە تێچووی ماددی و مەعنەوی پاراستن و چاودێریکردنی ئەم ژمارەیە لە زیندانییەکان کرد.
بەپێی یاسای ئێران و شەریعەتی ئیسلامی، مارەیی یان سەداق بریتیە لە پارەی مێرد (پیاو) کە دەدرێت بە ژن (هاوسەر) لە هەمان کاتدا کە گرێبەستی هاوسەرگیری واژۆ دەکرێت.
لە داب و نەریتی ئێراندا، لە کاتی هاوسەرگیریدا، ئەم مافە داراییە بەزۆری زیاتر لە توانای دارایی پیاوەکە دیاری دەکرێت و بە شێوەی قەرز لەسەر مێردەکە دەمێنێتەوە.
لە یاسای مەدەنی ئێران، مافی تەڵاق بە شێوەی تاک لایەنە لە لای مێردە و لە کاتی جیابوونەوەشدا دەبێت پیاوکە قەرەبووی ژنەکە بکاتەوە.