حکومەتی عێراقی: لە ساڵێکدا ١٠٠ ملیۆن دۆلاری دۆسیەی گەندەڵیمان گەڕاندووتەوە

حکومەتی عێراق بڵاویکردۆتەوە کە" لە ساڵێکدا ١٠٠ ملیۆن دۆلاری دۆسیەکانی گەندەڵی و هەشت تۆمەتباری ئەو تاوانەی گەڕاندووەتەوە و ٢٢٤ کەسیش فەرمانی قەدەخەی گەشتکردنیان بۆ دەرچووە". 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ میدیای فەرمیی عێراق ئامارێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە" ٨٠ هەزار کەس ئاشکرا بوون کە مووچەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە، کە شایستەی نەبوون و پارەکەیان لێوەرگیراوەتەوە، بڕی پارە وەرگیراوەکە ١٧٠ ملیار دینار بووە. هاوکات حەوت ملیۆن هاووڵاتی لە سەبەتەی خۆراکی تایبەتی پاراستنی کۆمەڵایەتی سوودمەند بوون".
 
ئەو بڕە پارانەی دۆسیەی گەندەڵی، کە لەو ساڵە پارێزراوە، گەیشتووەتە یەک تریلیۆن و ٥٢٤ ملیار دینار، لەو بڕە رێگری لە بەهەدەرچوونی ٨٣ ملیار دینار کراوە، ١٠٠ ملیۆن و ٧٣٦ هەزار دۆلار لە دەرەوە گەڕێندراوەتەوە.
 
 
بەگوێرەی ئامارەکە" ٣١٧ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دیناری پارەی دزراوی هەژماری بانکی سپاردەی دارایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجی عێراق گەڕێندراوەتەوە، لەکاتێکدا تێکڕای پارەکە زیاتر لە سێ تریلیۆن دینارە، کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٢ لەلایەن چوار کۆمپانیاوە براوە".
 
یەکێک لەو دۆسیانەی دیکە کە لە ئامارەکادا باس کراوە"بەقاچاخبردنی نەوتە، بەپێی ئامارەکە ١٢١ کەس بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی نەوت دەستگیرکراون، کە هەندێکیان کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بوون".
 
سەبارەت بە کارەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراقیش لە ماوەی ئەو ساڵەدا، وەکو لە ئامارەکەدا هاتووە، دەستەکە ٢٩ هەزار و ١٦٨ هەواڵی پێگەیشتووە لەبارەی دۆسیەکانی گەندەڵی و ١٢ هەزار و ٢٣٢ دۆسیەی لە دادگا یەکلاکردووەتەوە، هەشت هەزار و ٦٩٠ فەرمانی بانگکردنی بۆ بەردەم دادگە دەرکردووە، سێ هەزار و ١٥ کەس فەرمانی دەستگیرکردنیان دراوە لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی و هەزار و ٨٣٤ کەس لەسەر هەمان تۆمەت راگیراون.
 
لە ئامارەکەدا هاتووە" ٨٩٨ کەس لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی سزادراون و هەشت تۆمەتباری گەندەڵی لە دەرەوە گەڕێندراونەتەوە و ٢٢٤ کەس فەرمانی رێگری لە گەشتکردنیان بۆ دەرچووە".  




AM:12:10:26/10/2023