جەمال عەبدوڵا: بەهۆی خراپی دۆخی زیندانی سلێمانی دوو شەو لەسەرلا خەوتم

دوای دەستگیرکردنی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، ڕۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵا ئەمڕۆ دوای ئازادکردنی ڕایدەگەیەنێت" نە پۆلیس و نە دادگای سلێمانی مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا نەکردووم، تەنها لە دۆخی بێ خزمەتی ناو زیندانەکان ناڕازیم و دوو شەو لەسەرلا خەوتم". 

جەمال عەبدوڵا ڕۆژنامەنووس، ئەمڕۆ پێنج شەممە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە" من هیچ خراپیەکم هەست پێنەکردووە لەلایەن پۆلیس و لە ناو زیندانیشدا بەرامبەر بە خۆم، بەڵام هۆڵی زیندانەکە بەڕاستی زۆر خراپە لە ڕووی خەدەمات و خزمەتگوزاریەوە، من خۆم لە هۆڵێکدا بووم ٢٤ یان ٣٠ مەتر چوارگۆشە بوو وە ٨٠ بۆ ٩٠ کەسی تێدا بوو کە دەبێت لەسەر لا بخەویت، من دوو شەو لەسەر لا خەوتووم". 

جەمال عەبدوڵا سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی دەڵێت" دۆسیەکەی من هی ساڵی ٢٠١٣ یە و ئەسڵەکەی دەگەڕیتەوە بۆ ٢٠١١ کاتێک من چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی ڕۆژنامەوانیم کردووە، بارودۆخی سیاسی ئەو کاتەی سلێمانیم باسکردووە، لە ناو چاوپێکەوتنەکە من وتوومە خۆپیشاندان و ئەو دۆخەی ئێستا هەیە لە بەرژەوەندی خەڵک نییە، جۆرێکە لە پاشا گەردانی، خەڵک سودی لێناکات و دۆخەکە ناجێگیر دەکات، بارودۆخی ئابوریش خراپتر دەکات، وە ئەوە سراعێکی حزبییە لەو شارە، سراعێک نییە لەسەر بەرژەوەندی خەڵک". 

وتیشی" لە گفتووگۆکەمدا ئاماژەم بە گروپێک کردبوو کە ئەو گروپە ئەوکاتە لینکیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەبوو". 

بە وتەی جەمال عەبدوڵا، دوو ساڵ دوای تێپەڕبوونی چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنیەکەدا، لە چێشتخانەیەکدا شەڕ دروستدەبێت لە نێوان جەمال عەبدوڵا و ئەو کەسەدا و دواتر ئەو کەسەش داوای یاسایی لەسەر جەماڵ عەبدوڵا تۆمار دەکات، بەڵام دوای چەند جارێک دانیشتن دۆسیەکە ناگاتە ئەنجام و بە کراوەیی دەمێنێتەوە. 

دەشڵێت" بۆ دۆسیەکەم چەند جارێک چوومە دادگا، چەند ساڵێک لەمەوبەر، بەڵام دادوەر وتی، سکاڵاکار نایەت پەلە مەکە، ئێمە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سکاڵاکار دەردەکەین بزانین بۆ نایەت بۆ جەلسەکان، پێیان وتم بڕۆرەوە بۆ هەولێر بۆ مالی خۆت هەتا ئێمە ئاگادارت دەکەینەوە بە فەرمی لەلایەن دادگای جینایەتی سلێمانی، کاتێک چووم بۆ چاودێری کەیسێکی تری خۆم، پێیان وتم فەرمانی دەستگیرکردنم هەیە، دادوەر پێی وتم کە لەسەر کەیسەکەی ساڵی ٢٠١٣ یە". 

ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە نوسەر و ڕۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵا لە دادگای سلێمانی لەسەر سکاڵایەک دەستگیرکرا و دەستگیرکردنەکەی هاوکات بوو لەگەڵ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسێکی تری دەزگای باسنیوز بە ناوی عیماد بیلال.


PM:03:15:26/10/2023