تەرمی ئارمیتا لە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە تاران بەخاک سپێردرا

لە کاتێکدا کە بنەماڵەی ئارمیتا گراوەند سوربوون لەسەر ئەوەی تەرمی کچەکەیان لە کرماشان بنێژن بەڵام هێزە ئەمنییەکانی ئێران رێگریان کرد و ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ تەرمی ئارمیتا لەگەڵ دەربڕینی نارەزایەتی خەڵکی لە ( بهشتی زهرا)ی تاران بەخاک سپێردرا.

کۆمەڵێک کەس سەرەڕای سەختی ئاسایش و جێگیرکردنی بریکارەکان لە ناوچەی بێهەشت زەهرا بەشدارییان لە مەراسیمی بەخاک سپێردنی ئارمیتادا کرد و دروشمی "ئەرمیتا، ڕۆحت دڵخۆشە"یان وتەوە. 

ڕاپۆرتەکانی گەیشتوو بە ئێران ئینتەرناشناڵ ئاماژە بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە بەشداربووان دەکەن.

لە هەمان کاتدا ماڵپەڕی هەنگاو بڵاویکردەوە،"دوو کەس لە کەسوکاری ئارمیتا، هەروەها چەند ژنێک کە تا ئێستا ناسنامەکانیان نادیارە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ناوچەی بێهەشت زەهرا دەستگیرکراون".

هاوکات بڵاویشیکردۆتەوە"دەزگا ئەمنییەکان گوشارەکانیان بۆ سەر بنەماڵەی ئەرمیتا گراوند زیادکردووە، ئەو تراکتانەی لە دەوروبەری ماڵی بنەماڵەکەی لە شەقامی پیریزۆ لە تاران هەڵواسراون و ڕێگرییان لە دانانی لافیتەیەک لە بەردەم ماڵەکەدا کردووە".

سەرچاوەی شارەزا بە ئێران ئینتەرناشناڵیان ڕاگەیاند" کە گوشاری هێزە ئەمنییەکان لەسەر بنەماڵەی ئارمیتا توندتر بووە و دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی ئارمیتا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٦ی ئەم مانگە خەڵکی لە شارە جۆراوجۆرەکان لەوانە تاران، کەرەج و شیراز دەستیان بە وتنەوەی دروشم دژی حکوومەت کردووە". 

ئارمیتا گەڕاوەند کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی کرماشانه بوو کە ٢٨ ڕۆژ پێش ئێستا بەهۆی لێدانی هێزە ئەمنییەکانی پاراستنی حیجابی زۆرەملێ لە میترۆی تاران، چووە حاڵەتی کۆما و بۆ نەخۆشخانەی فەجری هێزی ئاسمانی تاران گواسترایەوە، دوای ٢٨ رۆژ بەیانی  شه‌ممه‌ گیانی لەدەستدا. 




PM:12:21:29/10/2023