دارایی هەرێم راپۆرتی سێ مانگی داهات و خەرجیەكانی رەوانەی بەغداد کرد

دارایی هەرێم رایده‌گه‌یه‌نێت" راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی سێ مانگی رابردوومان رەوانەی بەغداد کردووە". 

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی (ماوە بۆدرێژکراوەی) هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" ئەمڕۆ بەواژۆی ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوە (میزان مراجعە) ی مانگەكانی (تەموز، ئاب، ئەیلول)ی هەرێمی كورستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق كرا". 

ئاماژه‌ به‌وه‌شکراوە، سەرجەم داهات و خەرجیەكانی سێ مانگی ڕابردووی هەرێمی بە داتا و ژمارە تێدا ڕوون كراوەتەوە.

شەوی ڕابردوو پێشه‌وا هه‌ورامانی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماژەی بەوەکردبوو کە سبەینێ وەفدێکی هەرێم بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکان دەچنەوە بەغداد. 


PM:06:31:29/10/2023