ئەمریکا و ئیسرائیل چەند پێگەیەکی سەربازیان لە سوریا و لوبنان بۆردوومانکرد

ئەمریکا چەند بارەگایەکی لە ئەبو کەمال لە ناوچەی دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، کردە ئامانج و سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاند" کە ژمارەیەک پێگەی سەربازی(حزبوڵا)یان لە باشووری لوبنان بۆردومان کردووە لە وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەوان بۆسەر وڵاتی ئیسرائیل".

میدیاکانی سوریا بڵاویانکردەوە"کە شەوی یەکشەممە ئەمریکا چەند پێگەیەکی سەربازی کە سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن بۆردوومان کردووە".

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ سەرەتا بڵاویکردەوە" کە فڕۆکەیەکی جەنگی نەناسراو ناوچەیەکی پەراوێزی شاری ئەبو کەمال لە نزیک سنووری سوریا و عێراقی بۆردومانکردووە، دواتریش پشتڕاستی کردەوە کە دوو پێگەی سوپای پاسداران لەلایەن چەکدارێکی ئەمریکیەوە کراونەتە ئامانج". 

لە هەمان کاتدا ئەم ڕێکخراوە هێرشی "یەک لە دوای یەک"ی ئیسرائیلی بۆ سەر ڕۆژئاوای شاری نەوا لە پارێزگای دارا ڕاگەیاند" ئیسرائیل ناوچەی هەڵدانی موشەکەکانی کردووەتە ئامانج".

هەروەها سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە " کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر تیمێک لە باشووری لوبنان کە موشەکیان ئاراستەی ناوچەی چیای کۆتر کردووە. پێشتریش سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە سێ موشەک کە لە لوبنانەوە تەقێندرابوون، ئاگادارکەرەوەی ئاگادارکردنەوەیان لە ناوچەی باکووری ئیسرائیل هەڵگیرساند، کە دووانیان ڕێگری لێکرا و یەکێکیان لە ناوچەیەکی کراوەدا کەوتە خوارەوە".

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە"هێرشەکانی سەر پێگەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە وەڵامی ئەو هێرشانەن کە پێشتر لە لایەن ئەوانەوە بۆسەر خاکی ئیسرائیل ئەنجام دراون". 



AM:09:36:30/10/2023