CPJ: هەرگیز دۆخی رۆژنامەنووسان لە هەرێمدا بە ئەندازەی ئێستا خراپ نەبووە


بەرپرسی داکۆکی لە ڕۆژنامەوانان لە رێخکراوی CPJ رایدەگەیەنێت" هەرگیز دۆخی رۆژنامەنووسان لە هەرێمدا بە ئەندازەی ئێستا خراپ نەبووە"، جەختیش دەکاتەوە رەوشەکە بە ئاقارێکی نەرێنیدا دەڕوات.

لوقمان فەتاحی بەرپرسی داکۆکی لە ڕۆژنامەوانان لە رێکخراوی CPJ لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا رایگەیاند" " لەهەرێمی کوردستان ٣ ڕۆژنامەوان ئێستا لە زیندانن؛ شیروان شیروانی، گۆهدار زێباری و هەروەها قارەمان شوکری. لەئەمساڵدا سزاکان درێژکرانەوە لەسەر شیروان شیروانی و گۆهدار زێباری؛ ئەو دوو بڕیارە بەلای ئێمەوە کێشەی ڕاستەقینەن و بەلای ئێمەوە وەک تۆڵەکردنەوەی زیاترە لە ڕۆژنامەوانان".
 
وەک بەرپرسەکەی رێکخراوەکە ئاماژە بۆ دەکات لە ماوەی ڕابردوودا تیمێکی CPJ کە پێکهاتبوو لە لوقمان فەتاحی خۆی کە بەرپرسی داکۆکی لە ڕۆژنامەوانان لەگەڵ دۆجە داود، پەیامنێر و نوێنەری CPJ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقا، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ بەشێکی فراوان لە ڕۆژنامەنووسان و کەسوکاری ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ڕابردوودا تیرۆر کراون لەسەرتاسەری هەرێم کۆبوونەتەوە.

لە بارەی ئەو سەردانەوە، لوقمان فەتاقی ڕایگەیاندووە" ئەو سەردانەمان کرد بۆ هەرێمی کوردستان تا لە هەڵەبجەوە تا دەگاتە دهۆک لە زاری ڕۆژنامەوانان خۆیانەوە ڕاستییەکان ببیستین؛ جا ئەو پەیامەی لە ڕۆژنامەوانان و نێوەندە میدیاییەکانەوە پێمان گەشت ئەوە بوو کە ڕەوشی ئازادی ڕاگەیەندن هەرگیز بەم شێویە، وەک ئێستا خراپ نەبووە و ڕەوشەکە بە ئاقارێکی نەرێنیدا دەڕوات."

ئەو بەرپرسەی رێکخراوەکە داوایان لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان  کردووە، دۆخەکە پێچەوانە بکەنەوە و هەوڵی ڕەخساندنی ژینگەیەک بدەن کە ببێتە یارمەتیدەر بۆ ڕۆژنامەوانان بۆ ئازادی کاری ڕاگەیاندن و، داواشیان کردووە ئەو ڕۆژنامەوانانەی لە زینداندا ماونەتەوە ئازاد بکرێن.



PM:02:42:31/10/2023