حوسییەکان: ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکەینە سەر ئیسرائیل

کەناڵی ئینتەرنەشناڵ بڵاویکردۆتەوە" حوسییەکان و شیعەکانی یەمەن کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێن، ڕۆژی سێشەممە ٣١ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر شەڕی ئیسرائیل لە دژی حەماس لە غەزە بەردەوام بێت، هێرشی زیاتر لە دژی ئیسرائیل ئەنجام دەدەن. ئەوان دانیان بەوەدا ناوە کە پێشتر لە سێ ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستیکیان خستۆتە خوارەوە".

لە بەیاننامەکەی سوپای حوسییەکان کە لە کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلمەسیرە پەخشکراهاتووە"هێزە چەکدارەکانی یەمەن پشتڕاستی دەکەنەوە کە تا کۆتایی دەستدرێژیی ئیسرائیل بەردەوام دەبن لە هێرشی چۆنایەتی بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان".

لەلایەکیترەوە دانیال هاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس نووسیویەتی" تۆپخانەکانی سوپای ئیسرائیل خاکی لوبنان تۆپباران دەکەن".

وتیشی" ماوەیەکی زۆر نەبوو سەربازانی سوپای ئیسرائیل شانەیەکی تیرۆریستییان تێکشکاند کە بەنیازی تەقاندنی مووشەکی دژە تانک بوو بۆ ناو خاکی ئیسرائیل".

ناوبراو زیادی کرد" هەروەها مووشەکی دژە تانک ئاراستەی دوو بنکەی سەربازی سوپای ئیسرائیل کرا لە نزیک سنووری لوبنان. سەربازەکان وەڵامی سەرچاوەی ئاگرەکە دەدەنەوە، تۆپخانەکانی سوپا ئێستا لوبنان بۆردومان دەکەن".




PM:08:47:31/10/2023