پنتاگۆن ڕۆژی سێشەممە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ڕایگەیاند، ئەمریکا ٣٠٠ سەربازی زیادە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و تیشک دەخاتە سەر پاڵپشتی لە بوارەکانی وەک فڕێدانی تەقەمەنی و پەیوەندییەکان".
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پاتریک ڕایدەر، وتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاندووە" ئەو سەربازانە لە ئەمریکاوە ڕەوانە دەکرێن، بەڵام لە ئیسرائیل جێگیر نابن".
ڕایدەر وتی: "ئەوان مەبەستیان پشتگیریکردنە لە هەوڵەکانی ڕێگریکردنی ناوچەیی و بەرزکردنەوەی تواناکانی پاراستنی هێزەکانمان".
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم مانگەدا ٢٧ هێرش بۆ سەر هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا ڕوویداوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەنتۆنی گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان "نیگەرانی قووڵی دەربڕی" سەبارەت بە توندبوونەوەی ململانێکان لە ناوخۆی کەرتی غەزە. و هەروەها جارێکیتر جەختی لەوە کردەوە کە پێداگری لەسەر ئاگربەست دەکات بە مەبەستی دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە دابینکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بەڵام ئیسرائیل داواکارییەکەی رەتکردۆتەوە.