زیاتر لە (١٢٠) زانا و مامۆستای ئاینی رۆژههڵاتی کوردستانی سەرکۆنەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەكانی باکور و رۆژههڵاتی سوریا دەکەن و دەڵێن" هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە بە بەزاندنی سنوورە فەرمی و نێودەوڵەتییەکان دەستدرێژی بکاتە سەر خەڵکی وڵاتانی دیکە".
زیاتر لە (١٢٠) زانا و مامۆستای ئاینی له رۆژههڵاتی كوردستان، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردەوە" تورکیا لە ماوەی مانگی رابردوودا بە بیانووی هێرشی خۆکوژی دوو ئەندامی پەکەکە کە هیچ زیانێکی مرۆی لێنەکەوتوەتەوە، هێرشی بەرفراوانی بۆسەر ناوچە کوردستانییەکانی سوریا دەستپێکردووە و بە ئامانجگرتنی شار و گوندەکان، ژێرخانە بنەڕەتییەکانی ئەو ناوچانەی وەک ئاو، کارەبا، پرد و شوێنە گشتییەکانی لەناوبردوە و خەڵکێکی زۆری مەدەنی شههیدكردووە".
دەشڵێن" بەپێی هەموو یاسا و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە بە بەزاندنی سنوورە فەرمی و نێودەوڵەتییەکان دەستدرێژی بکاتە سەر خەڵکی وڵاتانی دیکە، بەڵام حکومەتی ستەمکاری تورکیا، بە بیانووی ساختە دەستی بەسەر بەشێک لە خاکی کوردستانی سوریادا گرتووە، لەوانەش عەفرین، تورکیا بە ئامانجی جیاکردنەوە و پچڕاندنی پەیوەندی هەزاران ساڵەی کوردانی دانیشتووی سەر سنوورەکان لە تورکیا و سوریا، لە ڕێگای نیشتەجێکردنی پەنابەرە عەرەبە سورییەکان، هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە دەدات".
لە سەرەتای مانگی ڕابردووەوە دەوڵەتی توركیا هێرشەكانی بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای كوردستان چڕكردووەتەوە كە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەدەسە) دایە.