تورکیا باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل دەکشێنێتەوە

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایدەگەیەنێت" باڵیۆزی تورکیا لە تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل دەکشێنینەوە". 

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" لەبەر ڕۆشنایی ئەو کارەساتە مرۆییەی کە لە کەرتی غەززە ڕوودەدات و بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆسەر خەڵکی مەدەنی و ڕەتکردنەوەی ئیسرائیل بۆ ئاگربەست، شاکر ئۆزکان باڵیۆزی تورکیا لە ئیسرائیل دەکشێنینەوە". 

پێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیانبوو، لەبەر ڕۆشنایی ئەوەی کە هێزەکانی ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە لە کەرتی غەززە ئەنجامیانداوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەپچڕێنێت. 

ئیسرائیل پێشتر وەک ڕێکارێکی ئەمنی هەموو دیپلۆماتکارەکانی لە تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کشاندبووەوە.

بەپێی ئامارە نوێیەکانی بۆردومانەکەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، ژمارەی کوژراوانی بۆردومانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ٩ هەزار و ٤٨٨ کەسی تێپەڕاندووە کە سێ هەزار و ٩٠٠ کەسیان منداڵ و دوو هەزار و ٥٠٩ یان ژن بوون. 


PM:04:41:04/11/2023