ئیسرائیل ٤٥٠ پێگەی حەماسی کردە ئامانج

بەگوێرەی گۆڤاری هارەتز، لە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، ٤٥٠ پێگەی حەماس کرانە ئامانج. گەمارۆدانی شاری غەززە نزیکە لە تەواوبوون و میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە" کە پێدەچێت سوپای ئیسرائیل لە ٤٨ کاتژمێردا بچێتە ناو ئەم شارە".

بەپێی هەواڵی میدیا ئیسرائیلییەکان، ڕۆژی دووشەممە ٦ی تەشرینی دووەم لە کاتی هێرشی فەڵەستینییەکان بە چەقۆ بۆ سەر ئەفسەرانی پۆلیسی سنووری ئیسرائیل لە قودس، ئەفسەرێکی ژن بە سەختی بریندار بووە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە" ئەمریکا بە حزبوڵای لوبنان و کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداری داوە ،ئەگەر ململانێکان لەگەڵ ئیسرائیل پەرەی سەندبێت، ئامادەیە ڕێوشوێنی سەربازی لەدژی ئەوان بگرێتەبەر. ئەم پەیامە لە ڕێگەی وڵاتانی ناوچەکە و لە نێویاندا تورکیەدا نێردراوە".

هەروەها میدیاکانی لوبنان باسیان لە تۆپبارانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی نەقورا و لابونە کردووە.

ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند" کە جەمال موسا، بەرپرسی ئاسایشی تایبەتی حەماس، شەوی ڕابردوو لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە کوژراوە".

هەروەها وتیشیان" کە هێزەکانی ئەو وڵاتە بە گەیشتنیان بە کەناراوەکانی باشووری شاری غەزە بە سەرکەوتوویی کەرتی غەزەیان بەسەر دوو نیوەدا دابەش کردووە".

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەلجەزیرە، شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل تا ئێستا زیاتر لە ٩ هەزار و ٧٠٠ فەلەستینی و هەزار و ٤٠٠ ئیسڕائیلی گیانیان لەدەست داوە. هەروەها لەم پێکدادانانەدا لانیکەم ٢٦ هەزار فەلەستینی و پێنج هەزار ئیسرائیلی بریندار بوون.



PM:04:09:06/11/2023