مەسرور بارزانی داوا لە بەغداد دەکات کۆتایی بە فشارەکانی سەر هەرێم بهێنن

مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت" هیوادارین به‌غداد پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی خۆی بێت و كۆتایی به‌ فشاره‌كانی لەسه‌ر هه‌رێمی كوردستان بهێنێت".

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی دهۆک رایگەیاند" لەسەر ئاستی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرژی و ئاڵۆزی و ناکۆکی بەردەوامە، کوردستان ئەزموونی جەنگ و ململانێی چەکداری باشی هەیە، بۆیە هیوادارن ئاڵۆزییەکانی ئێستا بە رێککەوتنی ئاشتی چارەسەر بکرێت". 

وتیشی" ئەگەر یەکسانی و دادپەوەری هەبێت، سەرمایە و سامانی وڵاتان هێندە زۆرە، ئەگەر کارگێڕییەکی باشی هەبێت وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاستێکی بێ وێنە پێشدەکەون". 

سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ بەغداد بارزانی وتی" حکومەتی هەرێم ئەوپەڕی هەوڵی خۆی داوە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی هاوڵاتیان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و هەرێم ئەرکەکانی خۆی جێبەجێکردووە، چاوەڕوانیش دەکەین حکومەتی فیدراڵی مافە دەستوورییەکانی زامن بکات و بیپارێزێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەروەها شاندی هەرێم بەردەوام سەردانی بەغداد دەکات. 

مەسرور بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی" ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی هەموو مافە دەستوورییەکان بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکرێن، هیوادارین بەغداد بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات و واز لە فشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان بهێنێت". 


PM:07:20:06/11/2023