ئەمریکا لەبارەی دۆخی مرۆیی غەززە هۆشداریی به‌ئیسرائیل ده‌دات

جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکاو ڕاوێژکارە باڵاکانی هۆشدارییانداوەتە ئیسرائیل کە ئەستەم دەبێت ئیسرائیل بتوانێت "ئامانجە سەربازییەکانی" لەغەززە بەدیبهێنێت.

ئەمرۆ سێ شەممە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردۆتەوە، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری‌ و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە لەمیانی گفتوگۆکردنیان لەگەڵ ئیسرائیلییەکان جەختیان لەسەر ئەم خاڵە کردۆتەوەو دڵنیایانکردۆتەوە کە "نەمانی پشتیوانییە جیهانییەکان" دەرئەنجامی ستراتیژیی ترسناکی بۆ ئیسرائیل دەبێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ، بەرپرسە ئەمریکییەکان لەپشت پەردەوە ئیسرائیلییەکانیان ئاگادارکردۆتەوە کە ئەوکاتەی لەبەردەستدایە بۆ ئیسرائیل بەمەبەستی گەیشتن بەئامانجەکەی بۆ نەهێشتنی بزوتنەوەی حەماس "زۆر سنوردارە" پێش ئەوەی بگاتە "خاڵی وەرچەرخان" لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایی جیهانیی لەسەر ئەو دۆخە مرۆییە ترسناکەی غەززە تێیدایە.

ماڵپەڕەکە بەپشت بەستن بەسەرچاوە ئەمریکییەکان ئاماژەی بەوەشداوە، دانپێدانانێک لەناو ئیدارەی ئەمریکادا هەیە کە ئەم خاڵە وەرچەرخانە ڕەنگە بەخێرایی ڕوبدات‌ و حکومەتی ئەمریکا چیتر نەتوانێت بەئاشکرا دژایەتی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەغەززە بکات.


PM:02:33:07/11/2023