حزبوڵا: بۆ هەر هێرشێکی ئیسرائیل، ئێمە دوو جار هێرش دەکەین

حزبوڵا هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت" بۆهەر جارێک هێرشی ئیسرائیل  بۆسەر خەڵکی مەدەنی لوبنان ئەوان دووجار هێرش دەکەنەوە".

ئەندامێکی حزبوڵا لە لوبنان ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند" لە دوای هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئەوان دوو جار هێرش دەکەنەوە".

هەروەها بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو، وتی" حزبوڵڵا هێشتا هێزی تەواوی خۆی نیشان نەداوە".

دەسەڵاتدارانی لوبنان ڕایانگەیاندووە" ئیسرائیل هێرشی کردووە بۆ سەر ئۆتۆمبێلی خێزانێک کە بۆتە هۆی کوژرانی چوار کەس کە سێ منداڵیان تەمەنیان لە تەمەنی ١٠ بۆ ١٤ ساڵدایە".

 لەبەرامبەردا ئیسرائیل ڕایگەیاندووە" هێزەکانیان ئۆتۆمبێلێکیان کردووەتە ئامانج کە گومانی گواستنەوەی تیرۆریستانی لێدەکرێت و لێکۆڵینەوە لەو هەواڵانە دەکەن کە گوایە خەڵکی مەدەنی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون". 

ئەو توندوتیژییە لە ئێستادا بەردەوامە لە باشووری لوبنان دوای ئەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، کوشندەترین ململانێی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا بووە لە دوای شەڕی نێوان هەردوولا لە ساڵی ٢٠٠٦، کە بەهۆیەوە ٦٠ چەکداری حزبوڵا  و ١٠ کەسی مەدەنی لوبنانی و لانیکەم ٧ سەربازی ئیسرائیلی کوژراون. 




PM:09:55:07/11/2023