"هەندێک لە دەزگای هەواڵگری و ئەمنی و سەربازی لە لایەنی سیاسیەوە ئاڕاستە دەکرێن"

ئه‌منداری گشتی پێشووی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لە هەرێمی کوردستان هەندێک لە دەزگای هەواڵگری و ئەمنی و سەربازی لە لایەنی سیاسیەوە ئاڕاستە دەکرێن و هه‌واڵ و زانیاری نا راست بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌".

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە" درۆکردن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی گرنگ و هەستیار کە پەیوەندیدارە بە هێزەکان یان رێکخراوەکان بەشێوازێکی ناڕێک یان درۆ بڵاوبکرێتەوە بێگومان دەبێتە زەرەرێک بۆ ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی و گشتی بۆ وڵاتەکە، دەبێتە هۆکارێک بۆ نەمانی متمانە لە نیوان هاووڵاتییان بە گشتی و راستگۆیی ئەو دامودەزگایانەی سەربازی و ئەمنی و هەواڵگرین".

جەبار یاوەر دەشڵێت" ئێستا لە واقعدا دەبینین گلەیی و گازندەیەکی زۆر هەیە لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانان بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی بە هەموو توانای خۆیان هاوکاری هەرێم بوون لە رووی دبلۆماسی و سیاسی و پشتیوانی هێزەکانی هەرێم بوون بە هەموو دامودەزگاکان بە هێزە سیاسی و ئەمنی و هەوالگریەکان". 

"لە سەرووی هەمویانەوە ئەمریکا لەم دوو سێ ساڵەی دوایی گلەیی و گازندەی زۆر دەکەن هەم دەربارەی شێوازی بەکارهێنانی ئەو ‌هێزانە هەم شێوازی کارکردنی ئەو هێزانە هەم مامەڵەکردنی ئەو هێزانە لە کاری ڕۆژانەیاندا لەگەڵ رووداوەکاندا، لەگەڵ شێوازی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان هەم شێوازی مامەڵەیان لەگەڵ یەکتریدا"، (جه‌بار یاوه‌ر وای وتووه‌).

ئەوەشی خستەروو، لە هەرێمی کەوردستان دامودەزگا ئەمنی و سەربازی و ئەمنیانیەکان لەلایەنی سیاسیەوە ئاڕاستە دەکرێن، چونکە ئەو دامو دەزگا ئەمنیانە نین کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بۆ بەرژەوەندی باڵای وڵات کاردەکەن. 

وتیشی" دەبێت پێداچونەوەی گشتی بکرێت لەبارەی هەمو هێزەکانی هەرێمی کوردستان، هەمو دامو دەزگاکانی هەواڵگری ئەگەر بۆ خزمەتکردنی هەرێم و ئاسایشی نیشتیمانی رێک نەخرێنەوە و تەنیا بۆ بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی دیاریکراو کار بکەن، لە ئایندەدا دەبنە زەرەرێکی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان". 

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشێکی درۆندا لە گوندی بۆسکێنی سەر بە قه‌زای رانیە، چوار کەس برینداربوون، کەمتر لە کاتژمێرێک دوای رووداوەکە، دژەتیرۆری کوردستان (پارتی) لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند" فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا گرووپێکی چەکدارانی پەکەکە دەکاتە ئامانج و بەهۆیەوە دوو چەکدار کوژران و دووانی دیکەش بریندار بوون".

به‌ڵام بەپێی لێدوانی کەسی نزیکی برینداره‌کان و پزیشکی چارەسەر، هیچ کەس لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستنەداوە و تەنها دوان لە برینداره‌کان ئەندامی پەکەکەن و ئێستا تەندروستییان جێگیرە و لە سلێمانی چارەسەر وەردەگرن.


PM:02:58:10/11/2023