نێچیرڤان بارزانی: سلێمانی پێگەیەکی دیاری هەبووە لە قوربانیدان بۆ ئازادی

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی پیرۆزبای بڵاوکردەوە و دەڵێت" سلێمانی پێگەیەکی دیاری هەبووە لە قوربانیدان بۆ ئازادی". 

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، لە پەیامێکیدا بە بۆنەى یادى (٢٣٩) ساڵەى دامەزراندنى شارى سلێمانییەوە ڕایگەیاند" بە بۆنەی ٢٣٩هەمین ساڵیادی بنیاتنانی پایتەختی ڕۆشنبیری كوردستان، شاری سلێمانی ئازیزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خه‌ڵکی شاری هەڵمەت و قوربانی دەكەم". 

ئاماژەی بەوەشکرد، سلێمانی هەمیشە شارێكی زیندوو بووە، ڕۆڵ و پێگەیەكی كاریگەر و دیاری هەبووە لە خەبات و قوربانیدان بۆ ئازادی و سەرفرازی گەلەكەی. 

وتیشی" بە ئومێدی ئاوەدانی گەشە و پێشكەوتنی بەردەوام بۆ سلێمانی و سەرجەم شارەكانی دیكەی كوردستان". 

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ساڵی ١٧٨٤ی زاینی له‌سه‌ر ده‌ستی برایم پاشای بابان بناغه‌ی سلێمانی دانرا و ساڵانە لەم رۆژەدا لە شاری سلێمانی بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر یادی دروستبوونی شارەکە دەکرێتەوە.


AM:09:52:14/11/2023