گۆڕان بڕیاریدا خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرێت

ئەمڕۆ چوارشەمە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی تەواوکاری خۆی ئەنجامدا و بڕیاردرا بەپێی ڕێکارەکانی دەستوری ناوخۆیی، خانەی ڕاپەڕاندن هەڵبژێردرێت.

‎ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ جڤاتی نێشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە" کارنامەی کۆبونەوەکە، تەواوکردنی تەوەرەکانی کۆبونەوەی رۆژی (٢١ی ١٠ی ٢٠٢٣)ی جڤات بو، کە تێیدا تاوتوێی پەرەسەندنە سیاسییەکانی هەرێم، عێراق و ناوچەکە و کاریگەری ئەو هەلومەرجە سیاسییە لەسەر پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان و ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان کرا".

‎لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە" کە دۆخی سیاسی و ئیداری و دارایی و یاسایی هەرێمی کوردستان و ئاڵنگارییەکانی بەردەم دامەزراوەکانی حکومڕانی، چارەسەرکردنی کێشە یاسایی و سیاسییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی، بەتایبەت دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ قەیرانی دارایی و باشکردنی بژێوی هاوڵاتیان و موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان، لەگەڵ پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ نوێکردنەوەی ڕەوایەتی سیاسی و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم دامەزراوە شەرعییەکان".

‎دەشڵێت" لەبارەی دۆخی ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان و ئامادەکارییەکان بۆ خۆڕێکخستنەوە و قۆناغی نوێ، جڤاتی نیشتمانی بڕیاریدا، یەکەم: پڕۆسەی ئاشتەوایی و پێکەوەکارکردن لەگەڵ کارەکتەرانی دەرەوەی پەیکەری رێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوامی هەبێت و هەمووان بەیەکەوە شان بدەینە بەردەم ئەو بەرپرسیارێتیەی لە ئەستۆمانە بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان. دووەم: بەپێی ڕێکارە دەستورییەکان خانەی ڕاپەڕاندن هەڵبژێردرێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتیمانی و لە پێکهاتەکەیدا ڕەچاوی کەسایەتییە سیاسییە دیار و بەئەزموونەکان و نوێنەرایەتی گەنجان و ئافرەتان بکرێت. سێیەم: تەواوکردنی هەنگاوە کردارییەکان بۆ بەستنی کۆنفڕانسی نیشتیمانی و خۆئامادەکردن بۆ قۆناغی داهاتوو و ئەو ئەگەرە چاوەڕوانکراوانەی روبەڕومان دەبێتەوە".

‎جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکردووە لە کۆتاییدا، جەختکرایەوە لەسەر جێبەجێکردنی ستراتیجی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان، وەک بزوتنەوەیەکی جەماوەری مەدەنی پشتئەستور بە هاوڵاتییان دوور لە نەریتی بنەماڵە و تەوریسی سیاسیی، هەل بڕەخسێنێت بۆ هەر هاونیشتیمانییەک بەشداریی سیاسیی و نوێنەرایەتی داخوازی و کێشەکانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بکات..



PM:09:42:15/11/2023