نێوەندگیری قەتەر بۆ ئازادکردنی بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرامبەر ئاگربەست لە غەزە

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە" قەتەر چووەتە ناوبژیوانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئازادکردنی ٥٠ بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرامبەر ئاگربەستی سێ ڕۆژە لە کەرتی غەزە". 

بەرپرسێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە"  ئەو نێوەندگیرییە لەسەر بنەمای ئازادکردنی ٥٠ بارمتەی مەدەنی ئیسرائیلی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون، لە بەرامبەر ئاگربەستی سێ ڕۆژەدا بووە.

دەشڵێت" دانوستانەکان بە هەماهەنگی ئەمریکا، ئازادکردنی بەشێک لە ژن و منداڵی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل و ڕێگەدان بە چوونە ناوەوەی زیاتری یارمەتی مرۆیی بۆ کەرتی غەزە لەخۆدەگرێت.

ئەم بەرپرسە لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کە حەماس بە مەرجە گشتییەکان ڕازی بووە، بەڵام ئیسرائیل هێشتا دانوستان لەسەر وردەکارییەکانی ئەم ڕێککەوتنە دەکات. لە نێوان شتەکانی تردا هێشتا نازانرێت چەند زیندانی ژن و منداڵ لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد بکرێن و تا ئێستاش حەماس لیستی بارمتە ئیسرائیلییەکانی غەزەی نەخستۆتەڕوو.

بێنی گانتز، ئەندامی کابینەی جەنگی حکومەتی فریاکەوتنی ئیسرائیلیش ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند" ئەگەر ناچاریش بین بۆ گەڕانەوەی بارمتەکانمان شەڕ ڕابگرین، شەڕەکە ناوەستێت تا نەگەینە ئامانجەکانمان.

پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ ڕایگەیاندبوو" کە ئامانجی کۆتایی ئیسرائیل لەناوبردنی بەتەواوی حەماسە لە کەرتی غەزە".



PM:11:10:15/11/2023