لە سنووری سلێمانی ئاڵوگۆڕ لە چەند پۆستێکی کارگێڕیدا ئەنجامدرا

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی پارێزگار و نوێنەری جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و قائمقامی سلێمانی چەند پۆستێك ئاڵوگۆڕیان پێكرا". 

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و لە دیوانی پارێزگا، بە ئامادەبوونی عەتا محەمەد، نوێنەری جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئاوات محەمەد، قائمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، بە فەرمانێكی وەزاری چەند پۆستێك ئاڵوگۆڕكران".

ئاماژەی بەوەشكردووە، بە پشتبەستن بەو فەرمانە هەریەک لە (شاهۆ عوسمان كەریم، بۆ جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری كارگێڕی بەوەكالەت و عوسمان ئەنوەر محەمەد، بۆ قائمقامی قەزای شارباژێڕ بەوەكالەت) بۆ ئەركە نوێكانیان لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا راسپێردران. 

ئەوەشی خستەڕوو، رەفعەت فاتیح رەشید، بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی بەكرەجۆ و هیوا محمد ساڵح، بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی سیوەیل دیاریكران. 


PM:01:40:19/11/2023