بنکەی سەربازی ئەمریکا لە هەریر بۆردوومان دەکرێت

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بنکەی سەربازی ئەمریکا لە هەریر بۆردوومان کرا، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ئەمە سێیەم جارە کە دەکرێتە ئامانج.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لەرێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە هەریر و مقاومەی ئیسلامی لە راگەیەندراوێکدا بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت.

ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەئاژانسی هەواڵی شەفەقی وتووه‌ "هەواڵی ڕاگرتنی گه‌شته‌ ئاسمانیه‌كان له‌فڕۆکەخانەکانی هەولێر ڕاست نییەو هاتوچۆی ئاسمانی لەفڕۆکەخانە ئاساییەو به‌رده‌وامه".

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوو ئەمە سێیەم جارە کە بنکەی سەربازی هەریر بۆردوومان دەکرێت.

لای خۆشیەوە مقاومەی ئیسلامی رایگەیاندووە"تا ئەو هێرشانە بۆسەر خەڵکی فەلەستین رانەگیرێن، لە هێرشەکانمان ناوەستین".

پێشتر وەزارەتی بەرگری ئەمریکا( پنتاگۆن) ڕایگەیاندووە" لە سەرەتای شەڕی غەزە، لانیکەم ٥٩ جار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێرش کراوەتە سەر سەربازەکانی".‌ 



AM:09:31:23/11/2023