شۆڕش ئیسماعیل: نابێت چاکسازی بە لاوازی لە وەزارەتی پشێمەرگە بەڕێوەبچێت


شۆرش ئیسماعیل کە زیاتر لە ساڵێکە لەلایەن حزبەکەیەوە ناچارکرا دەستلەکاربکێشێتەوە، بەهۆی کەمێک چاکبوونی پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی، ئەمڕۆ ٢٧ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ گەڕایەوە سەر کارەکەی.

لە مەراسیم و کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا کە جێگری سەرۆکی حوکمەتی (ماوە بۆ درێژکراو) قوباد تاڵەبانی ئامادە بوو، شۆڕش ئیسماعیل دەستبەکاربوونەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاندو، لە وتارێکدا دۆخی وەزارەتەکەی و هەرێم و عێراقی باس کرد.
لە دۆخی وەزارەتەکەیەدا شۆڕش ئیسماعیل رایگەیاند" هاوكاری و هەماهەنگی هاوپەیمانان بەرز دەنرخێنین‌و بۆ لەمەولاش نابێت پرۆسەی چاكسازی بە خاوی‌و لاوازی بەڕێوەبچێت".
 
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" دەبێت گلەیی و ناكۆكییەكان وەلابنرێت و پێكەوە وەك یەك تیم كار بكەن، ئاساییە ناكۆكی هەبێت لەنێوان لایەنە سیاسییەكان، بەڵام بەهیچ شێوەیەك نابێت ئەو ناكۆكییانە لەناو وەزارەت رەنگبداتەوە."

داواشی کرد ئەفسەران‌و پلەباڵاكانی وەزارەت دەبێت وەك یەك تیم بەشێوەیەكی پیشەییانە پێكەوە كاربكەن.

یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ و پرسی چاکسازی لەلای حزبەکان و خەڵکی هەرێم و هێزەکانی هاوپەیمانان بۆتە کێشەیەکی گەورەو چەندان جار ئەمەریکا و هاوپەیمانان بە یەکێتی و پارتییان راگەیاندووە ل؛ گەر یەکگرتنەوەو چاکسازی ئەنجام نەدرێت، ئەوان کۆمەکە سەربازی و داراییەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە رادەگرن.



PM:01:46:27/11/2023