کەشناسێکی شارەزا ڕایدەگەیەنێت" لە كۆتایی ئەم مانگەوە و بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ كەشوهەوا ئاسایی دەبێت و پلەكانی گەرما سەرلەنوێ بەرزدەبنەوە".
ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی ڕایگەیاند" ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی تشرینی دووەم کەش سەقامگیر دەبێت و ئاسمان بە زۆری ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت، پلەکانی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ (یەک تا سێ) پلە نزمدەبنەوە و خێرای با لەسەرخۆ دەبێت (٥ - ١٥)کم/کاتژمێر لە ئاراستەی باشوری ڕۆژئاواوە".
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە دوو سبەی ٢٩ی مانگەوە ناوچەکانمان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆیەک و پێشبینی دەکرێت تا ڕۆژانی ٧ و ٨ مانگی داھاتوو بخایەنێت و لەو ماوەیەدا ئەگەری بارانبارین نابێت و پلەکانی گەرما لە دوو سبەیەوە بە تایبەت لە کاتەکانی رۆژدا بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێتەوە.