مەزڵوم عەبدی: ئەمەریکا ئاگاداری کردووینەتەوە لە سوریا ناکشێتەوە



فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕایگەیاند،" ئەمریكا ئاگاداری كردووینەتەوە بەهۆی گرژییەكانی ناوچەكەوە لە سووریا ناكشێتەوە".

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات لەبارەی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پشتیوانی بۆ هێزەكانیان، بۆ ماڵپەڕی مۆنیتەری ئەمریكی دەدوێت.

مەزڵوم عەبدی لەو چاوپێکەوتنەدا رایگەیاندووە" ئێران دەیەوێت هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا دەربكات، ئەوەش ئامانجێكی سەرەكی و هاوبەشیانە لەگەڵ ڕژێمی سووریا و دەوڵەتی داگیركەری تورك، بەڵام ئەمریكییەكان پێیان وتین ناكشێنەوە".

ئاشکرای دەکات، فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئێران هێرشی كردووەتە سەر کۆگایەکی هێزەكانی سووریای دیموكرات، بە هۆیەوە ژمارەیەك شەڕڤان برینداربوون و زیانی ماددی زۆریشی لێكەوتووەتەوە، هەربۆیە ڕەخنەش لە وەڵامی ئەمریكا بۆ هێرشەكان دەگرین، چونکە پێم وایە ئەم وەڵامانە نابنە هۆی چاوترسێنكردنی ئەو میلیشیایانەی هێرشەكان ئەنجام دەدەن.

عەبدی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کورد و هەسەدە، نا یانەوێت ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سووریای دیموكرات ببنە گۆڕەپانی جەنگی ئەمریكا و ئێران و دەڵێت" چونکە توركیا دۆخی ناوچەكە دەقۆزێتەوە بۆ فراوانكردنی هێرشەكانی بۆ سەر باكووری سووریا، گەر هێرشەكانی توركیا بەردەوام بن، دەبنە لەمپەڕ لە بەردەم جەنگی دژی چەتەكانی داعش".

فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە هەڵوێستی ئەمەریکا بەرامبەر تورکیا بە لاواز دەزانێت و دەڵێت" لاوازیی هەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر بە هێرشەكانی توركیا دەبێتە هۆی لاوازبوونی متمانەی كورد بە هاوبەشە ئەمریكییەكانی و دەبێتە هاندەریش بۆ دوژمنانی هێزەكانی سووریای دیموكرات".

لە بارەی شەڕی ئێستای ئیسرائیل و حەماس لە غەزە، مەزڵوم عەبدی دەڵێت " چارەسەرنەكردنی پرسی فەڵەستین و كورد دەبێتە گەورەترین سەرچاوەی نا سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام چارەسەركردنی دۆزی كورد و فەڵەستین ڕێگەچارەیە بۆ سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

لە بارەی هەڵوێستی کوردانی رۆژئاواوە، مەزڵوم عەبدی دەڵێت" نامەیەكی بۆ مەحمود عەباس سەرۆكی فەڵەستین ناردووە و پشتیوانیی بۆ گەلی فەڵەستین و درووستكردنی دوو دەوڵەتی فەڵەستینی و ئیسرائیلی دەربڕیوە".



PM:02:47:29/11/2023