مێرمنداڵێک لە سنووری سلێمانی دەستگیر دەکرێت

مێرمنداڵێك لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە تۆمەتی دزینی پارە و مۆبایل و کەلوپەلی ئەلیکترۆنی دەستگیرکرا و پۆلیس رایدەگەیەنێت "پلانداڕێژی بۆ دزیكردنی زیاتر کردووە".

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین ئەمشەو رایگەیاند" هاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین (مکافحە) کە بە وتەی خۆی دزیی لە دوکانەکەی کراوە، دوکانەكەی تایبەت بووە بە فرۆشتنی مۆبایل و کەلوپەلی ئەلیکترۆنی، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر هێزەکانمان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دەستیانکرد بە کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاری ورد سەبارەت بە رووداوەکە و توانرا لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر تۆمەتبارێک دەستگیربکەن بەناوی (ن. ع. ا) لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٩".

ئاماژە بەوەشكراوە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا تۆمەتبار لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دانیناوە بە تاوانەکەیدا و لەئێستادا ئەو مێرمنداڵە بەپێی مادەی ٤٤٣ بە بڕیاری دادوەر راگیراوە.

هاوكات تۆمەتباری ناوبراو دانی بەوەشداناوە کە" بەرنامەڕێژیی کردووە بۆ دزیکردن لە چەند دوکانێکی دیكە".



AM:12:05:30/11/2023