لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا

لە سنووری پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنێک، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە لایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەگەڵ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، ژنێکی گەنجی خەڵکی گوندی ڕەحماناوای سەر بە شاری کەنگەڤەری پارێزگای کرماشان، بە ناوی مەرزیە شەشیەکانی لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە.

هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ژنە لاوە دایکی دوو منداڵ بووە و دوو مانگ پێش ئێستا، دوای ئەوەی بە سەختی لێیدرابوو گەڕابووە بۆ ماڵی دایک و باوکی و لە دادگا داوای وەرگرتنی مارەییەکەی کردبوو، بەڵام جارێکی دیکە بە ناوبژیوانی بنەماڵەکەی هاتبووەوە بۆ لای هاوژین و منداڵەکانی و دوای چەند ڕۆژ لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستاشدا بکوژەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەوەکانەوە دەستگیرکراوە و هۆکاری کوشتنی هاوژینەکەی بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی گەڕاندووەتەوە.


PM:01:41:30/11/2023