دوێنێ شەو، لە گوندێکی سەر بە پارێزگای دیالە لە عێڕاق "چەکدارانی داعش" بۆمبێکی چێنراویان بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقاندەوە و تەقەیان لە چەند کەسیش کرد.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دیالە بە ئاژانسە ناوخۆییەکانی رایگەیاند" کە دوێنێ شەو چەکدارانی داعش لە نزیک گوندی عیمرانییە لە ناحیەی وەجیهیەی پارێزگاکە، بە بۆمبی چێنراو و قەنناس هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێک و دوو کەس کوژراون و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون".
لە لایەکیترەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای دیالە بە ئاژانسە ناوخۆییەکانی راگەیاندووە" کە قوربانییانی رووداوەکە زیاتر لە ٢٥ کەسن، لەنێویاندا ١٠ کوژراو و ١٧ بریندار هەیە و بەشێک لە قوربانییەکان کەسوکاری ئەندام پەرلەمانێکی عێراقن، بە ناوی ، سەلاح زێن ئەلتەمیمی".
لە لایەکی ترەوە، دوێنێ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەێنراوێکدا رایگەیاند" فڕۆکەکانی عێراق بۆردوومانی چەند گوندێکی دەوروبەری دووزخورماتوویان کردووە و بەهۆیەوە ژمارەیەک چەکداری داعشیان کوشتووە و چەند مۆڵگەیەکیشیان رووخاندوون".